دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان گرژی تێكەوت

دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بەهۆی سووربوونی ژمارەیەك پەرلەمانتار لەسەر زیادكردنی بڕگەی تایبەت بە كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم گرژی لێكەوتەوە.

وەك بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە 30ی تشرینی دووەم دانیشتنی ئاسایی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە تاوتوێكردنی دوو پرۆژەیاسا و پرسی كۆچی گەنجان دەستیپێكرد.

پاش ئەوەی دوێنێ 37 ئەندامی پەرلەمان لە یاداشتێكدا داوایانكرد پەرلەمان تاوتوێی كێشەی موچە بكات و ئەو بڕگەیە بخاتە دانیشتنی پەرلەمانەوە، ئەمڕۆ لەلایەن بەشێك لەو پەرلەمانتارانەوە داواكارییەكە دوپاتكرایەوە.

سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەو 37 پەرلەمانتارە داوامانكرد بڕگەیەك بۆ دانیشتنەكەی ئەمڕۆ زیادبكرێت دەربارەی كێشەی موچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێم و بۆ ئەوەی بزانرێت حكومەتی هەرێم بۆچی نەوت و داهاتەكان ڕادەستناكات.

وتیشی، “پەرلەمان سەرقاڵی كێشە و گرفتی لاوەكییە، ئەمە پرسە گرنگەكەیە، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی حساب بۆ یەك لەسەر سێی پەرلەمانتاران ناكات، بەبیانوی ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە دانیشتنی كراوە و تایبەت بەو پرسە ئەنجامدەدرێت”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، ئێمەش سوربوونی خۆمان لەسەر داواكارییە دوپاتكردەوە و بەهۆی ناڕەزاییمان نیشاندا.

بەهۆی گرژییەكانیشەوە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان ڕاگیرا.

لای خۆیەوە عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان وتی، پێنج مانگە یاسای چاكسازیمان پەسەندكردووە، “یەك خانەنشینی نایاسایی پێشمەرگە و كەمئەندامی سەنگەر نەهێنراوەتە دەرەوە”.

وتیشی، “ئەوەی لەتواناماندایە هەموو هێزێك دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان ڕابگیرێت، تاوەكو لەسەر قوت و ژیانی خەڵك قسەبكەین، ئەبێ لەو پەرلەمانە ڕوبەڕوو پێیان بڵێین، فڵان مەسئول و فڵانی دیكە خەریكی قاچاخین”.

عەلی حەمەساڵح ئەوەشی خستەڕوو، “ئەگەر لەگەڵ عێراق ڕێكنەكەوین حەجمی فەساد و بێ موچەیی دە هێندەی ئێستا زیاددەكات”.

هاوكات زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنوسان وتی، ڕای فراكسیۆنی یەكێتی وایە كە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان تایبەت بكرێت بە پرسی موچە و هاتنی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی ئەو پرسیارانەی ڕوبەڕوو بكرێتەوە.

پەرلەمان بوو بە تەپڵ لێدان

بابەتی پێشتر

چۆلۆیزم له‌ 4-4-2 بۆ 3-5-2 و سیستمێکی نوێ هه‌نگاوی ناوه‌

بابەتی دواتر

بەوێنە.. ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی موحسین فەخریزادە لە ئێران بەڕێوەچوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share