سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لەبارەی بوونی هێزێک لە ناو بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی ئاماژە بەوەدەکات، خۆیان داوایان کردووە ئەو هێزە بێت بۆ پاڵپشتییان و پاراستنی ماڵ و موڵکی حکومەت و هاوڵاتییان.
لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، “کۆمەڵە کەسانێک بوون بە مافیا بۆ زەوی، خانوو، کۆشک و دوکانەکانی شارەوانی کە موزایەدەیان بۆ کراوە و کەسانێک ساڵانێکە کاری تێدەدەکەن”.
وتیشی، ئەو کەسانە بەناوی حزب و بەرپرسانەوە دەچن و داوای سەرانە لەو خاوەن دوکان و کۆشکانەی شارەوانی دەکەن، باسی لەوەکرد، “هەرچەندە بەشی پۆلیسی شارەوانی هەیە، بەڵام ژمارەیان کەمە، بۆیە ڕاستەوخۆ داوای پاڵپشتییان لە ئاسایشی سلێمانی کردووە”.
وتیشی، مەبەست هێنانی ئەو هێزە و ئامادەبوونیان لە شارەوانی تەنها پاراستنی موڵک و ماڵی حکومەت و هاوڵاتییان بووە.
جەختیکردەوە، “ئێمە دەستەوستان نابین لە کاتێکدا موڵک و ماڵی هاوڵاتییان لە مەترسیدایە”.