عێراق دواپێشهاتەكانی پەیوەست بە بۆردومانەكەی توركیا بۆسەر سەیرانگاكەی زاخۆ ئاشكرادەكات

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەردەوامی هاندانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئەمدواییەی توركیا بۆسەر سەیرانگاكەی زاخۆ دووپاتدەكاتەوە.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، عێراق تائێستا هانی هەوڵی سەرجەم هاوبەش و دۆستەكان دەدات بۆ دوپاتكردنەوەی ئەو ڕاگەیەندراوەكەی لە ئەنجامی كاری لیژنەی لێكۆڵینەوە بە سەرۆكایەتی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و ئەندامێتیی فەرماندە ئەمنییەكان ڕاگەیەنرا سەبارەت بە بۆردومانەكە بڵاوكرایەوە.

سەحاف لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمیی عێراق وتیشی، “ڕاپۆرتی لیژنەكە گەیشتە ئەو ئەنجامەی توركیا تێوەگلاوە لە هێرشەكەی ئەمدواییە كە خۆی لە بۆردومانكردنی هاوینەهەوارێك لە دهۆك دەبینێتەوە، سەرجەم بەڵگە و شاهێدە لۆژیكییەكان ئەوە دەسەلمێنن كە عێراق دەیبینێ، وڵاتانی هاوبەش و دۆستەكانیش هەڵوێستی خۆیان نیشاندا بە ئیدانەكردنی بۆردومانەكەی توركیا”.

پاشنیوەڕۆی 20ی تەمموزی ڕابردوو سوپای توركیا بۆردومانی سەیرانگایەكی گوندی پەرەخێی لە سنووری ناحیەی دەركار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كرد و بەهۆیەوە 9 گەشتیار گیانیان لەدەستدا و 33ی دیكە برینداربوون.

سەحاف دووپاتیشیكردەوە، وەزارەتی دەرەوە تائێستا كار لەسەر تەواوكردنی هەنگاوەكان دەكات كە دەچێتە چێوەی پاڵپشتیی هەوڵەكانی عێراق بۆ دووپاتكردنەوەی ئامادەبوونی كاریگەری لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەتایبەت دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجومەنەكە لەسەر بانگێشتی عێراق.

ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق بەردەوامە لە هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان لەوەی پەیوەندی بە سەروەریی عێراقەوە هەیە. دووپاتیشیكردەوە، “دیپلۆماسیەتی عێراق هەڵوێستی شێلگیرانەی هەیە”.

وتەبێژی وەزارەتەكە ڕوونیشیكردەوە، وەزارەتی دەرەوە لە ساڵی 2018ەوە تا ئەوكاتەی پەنای بردەبەر ئەنجومەنی ئاسایش 22 هەزار و 742 پێشێلكردن و پەلاماری تۆماركردووە، جگە لە 296 پەیام و یاداشتی ناڕەزایەتی كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دژ بە لایەنی توركی لەو چێوەیەدا ئاراستەكراون.

لە 26ی تەمموزی ڕابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێكی بەپەلەی بۆ تاوتوێكردنی هێرشەكەی 20ی تەمموزی ڕابردوو ئەنجامدا

لە کۆبوونەوەکەدا 14 ئەندامی ئەنجومەنەکە کە وڵاتە زلهێزەکانی تێدابوو سەرکۆنەی هێرشەکەی تورکیایان کرد و داوای ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراقیان کرد.

وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەدا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد تورکیا خاکی عێراق بەجێبهێڵێت، هۆشداریشیدا لە “بەردەوامیی مامەڵە دوژمنکارییەکانی تورکیا”.

فوئاد حسێن وتیشی، “مامەڵەکانی تورکیا دوژمنکارییە بەرامبەر خاک و سەروەری و هاوڵاتییانی عێراقی”.

بابەتی پێشتر

ڕوسیا و توركیا جەخت لەسەر یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكەنەوە

بابەتی دواتر

گەنجێك لەكاتی مەلەكردندا لە زاخۆ خنكا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share