قوباد تاڵەبانی: ئەڵمانیا پشتیوانی پرۆسەی ڕیفۆرم بووە لە هەرێم

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ستایشی ڕۆڵی ئەڵمانیا دەكات لە پشتگیریکردنی پرۆسەی ڕیفۆرم لە هەرێمی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی كوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ کلێمێنس سێمتنەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان كۆبووەوە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی وەک کونسوڵی گشتی.

جێگری سەرۆک وەزیران ڕۆڵی کلێمێنس سێمتنەری لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەڵمانیا لە بوارە جیاوازەکاندا پێشکەوتنی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت.

هەروەك ستایشی ڕۆڵی ئەڵمانیای کرد کە بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو هاوکار و پشتیوانی پڕۆسەی ڕیفۆرم بووە لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش ڕۆڵی ئەو وڵاتەی لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بەرزنرخاند، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

لە بەشێکی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی سیاسیی عێراق کرا و هەردوولا نیگەرانی خۆیان لە قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان لە بەغداد دەربڕی و هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە عێراقییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک دۆخەکە هێوربکەنەوە و لەڕێگەی گفتوگۆی نیشتمانییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بدەن.

سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانیش هەردوولا هاوڕابوون لەم قۆناغەدا کە عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕدەبێت پێویستە لایەنە کوردستانییەکان هەستیاریی دۆخەکە لەبەرچاوبگرن و بە یەکڕیزی و یەک گوتاری لە بەغداد هەوڵی پاراستنی مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان بدەن.

بابەتی پێشتر

نرخی ئارد و نان هەرزاندەكرێن

بابەتی دواتر

دوو منداڵ لە حەوزێکی ماسی-دا خنکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share