یەكێتی بۆ یادی داگیركردنی شەنگال: ئێزدییەكان لە بەکارهێنان وەک کارتی سیاسی ‏ڕزگاربکرێن

یەكێتی لە یادی داگیركردنی شەنگال و جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان لەلایەن داعشەوە، ‏داوای ئاوەدانكردنەوەی شەنگال دەكات، دوورخستنەوەی ئێزدییەكانیش لە بەکارهێنانیان ‏وەكو كارتی سیاسیی جۆراوجۆر دووپاتدەكاتەوە.‏

سبەینێ 8/3 ساڵیادی هێرشی داعش بۆسەر شەنگال و داگیركردنی ناوچەكە و ‏جینۆسایدكردنی ئێزدییەكانە، مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەوبارەیەوە ‏پەیامێكی بڵاوكردەوە.‏

دەقی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی:‏

لە یادی کارەساتی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و پەلاماردانی شەنگال و دەوروبەری ‏لەلایەن چەکدارانی تیرۆریستی داعشەوە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوریانییانی ئەو ‏کارەساتە دائەنەوێنین. ‏

هەر لەم یادە کارەساتبارەدا وێڕای ئەوەی ئەو ناوچانە لە چنگی زوڵم و زۆری چەکدارانی ‏داعش ڕزگارکراون و بەشێک لەو کەسانەی بە دیل و کەنیزەک ڕفێنرابوون، ڕزگاریان ‏بووە و ئازادکراون، هەوڵ و کۆششەکانی ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەوەیە ‏هەوڵەکانی ھەموو لایەک بە حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حزب ‏و لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان چڕتر بکرێنەوە، بۆ دۆزینەوە و سۆراغی ئەوانەی کە ‏لە کارەساتەکەوە تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن، هەروەها کاری جدی بکرێت لەپێناو ‏ئاوەدانکردنەوەی زیاتری گوند و شارۆچکە و شوێنی نیشتەجێوونی ئێزدییەکان و لە ژیانی ‏ناو کامپ و ئاوارەیی و بەکارهێنانیان وەک کارتی سیاسیی جۆراوجۆر ڕزگاربکرێن و ‏ژیانێکی ئاسوودە و فەراهەمیان بۆ دابینبکرێت، کار و دەسەڵاتی شیاویان لە دەزگا  ‏ئیدارییەکانیاندا پێبدرێتەوە، تاوەکو لە برین و ناهەموارییەکانی سات و ڕۆژەکانی ‏کارەساتەکەیان ساڕێژبکرێتەوە.‏

ئەرکێکی تر کە لەسەرشانی هەمووانە، ئەوەیە کە هەوڵەکانی پاراستنی ئێزدییەکان و ‏ناوچەکانیان زیاتر بخرێنەگەڕ، تا لە هەر هەڕەشە و پەلاماردانێکی تر، کە ببێتە مەترسی ‏لەسەر ژیانیان، پارێزراو بن.‏

مەکتەبی سیاسی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی پێشتر

ئەلیكترۆنییە.. یەكەم هێرش كرایەسەر تایوان

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share