ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەیاسای خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ لەلایەن حكومەتەوە ئامادەكراوە و جەختیشدەكاتەوە، بەپێی پڕۆژە یاساكە هەوڵدەدرێت مووچەیەكی شایستە بۆ هێزەكانی ناوخۆ دیاریبكرێت لەكاتی خانەنشینبوونیاندا.
باڵانبۆ محەمەد لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجییەكان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، لە هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ وەزیری ناوخۆ كۆبوومەتەوە تایبەت بە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای خانەنشینيی هێزەكانی ناوخۆ و ئاشكرایكردووە، “پڕۆژەیاساكە ئامادەیە و لە حكومەتەوە پەسەنددەكرێت و دەنێرێتە پەرلەمانی كوردستان”.
ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانی پێشمەرگە بەكۆی دەرماڵەوە خانەنشین دەكرێن مووچەیان 505 هەزار دەبێت، بەڵام هێزەكانی ناوخۆ لەكاتی خانەنشینبوونیان دەرماڵەیان بۆ ئەژمارناكرێت بۆیە داوامانكردووە لەكاتی خانەنشینبوونیاندا كە 220 هەزار دیناریان پێدەدرێت زیادبكرێت و لەگەڵ مووچەی بنەڕەتیدا دەرماڵەشیان هاوشێوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئەژمار بكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، ئەو بابەتە دەبێت بە وردیی دیراسە بكرێت، چونكە خانەنشینبوونی هێزەكانی ناوخۆ بە ڕێژەیەكی زۆر بڕە پارەیەكی دەوێت و لە هەمانكاتدا دەبێت هەر كارمەندێكی هێزەكانی ناوخۆ خانەنشیندەكرێت كەسێكی دیكە بخرێتە شوێنەكەیان و لە حكومەت و پەرلەمانیش ئەو بابەتە بە وردیی دیراسەدەكرێت و دواتر بڕیاردەدرێت.