عامری و حەكیم داوای دانبەخۆداگرتن و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە سەدر دەكەن

هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە، داوای هێوركردنەوەی دۆخی عێراق، دانبەخۆداگرتن و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە سەدر دەكەن.

ئەمڕۆ شەممە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە لە دوو پەیامی جیاوازدا لەبارەی خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدرەوە هاتنەدەنگ. عامری داوادەكات ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگی دۆخەكە هێوربكەنەوە و زمانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن زاڵبكەن و چارەسەری ئاشتییانە ئامادەبكەن لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن و سازشی دوولایەنە و ڕێزگرتن لە دەستوور و یاسا.

لە پەیامەكەیدا عامری ڕووی وتەكانی لە ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگی كردووە و نووسیویەتی، “بۆ هەموو برایانی ئازیز هاوبەشانی نیشتمان لە چێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر و هەر كەسێك ژیانی عێراق و عێراقییەكانی بەلاوە گرنگە، داواتان لێدەكەم ڕێبازی هێوركردنەوە و دانبەخۆداگرتن و ئارامی بگرنەبەر” و دەڵێت، “هەموو ئەوانەی تا ئێستا ڕوویانداوە لە سنووری پەیڕەوكردنی دیموكراسیدان”.

هاوكاتی عامری، عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە پەیامێكی بڵاوكردەوە و جەختدەكاتەوە لە پێویستیی زاڵكردنی زمانی ئاوەز و لۆژیك و گفتوگۆ و سازشكردن بۆ عێرق و گەلەكەی.

سەرۆكی ڕەوتی حیكمە دەڵێت، “بە دڵێكی ڕاستگۆ و نیازێكی باشەوە داوایەكی كراوە ئاراستەی برایانی ڕەوتی سەدر و هێزەكانی چێوەی هەماهەنگی دەكەین بچنە گفتوگۆیەكی كراوەی ڕاستەوخۆی بنیادنەرەوە”.

عەمار حەكیم داوا لە هەردوولا دەكات دانبەخۆیاندا بگرن و ئەوپەڕی دانایی بنوێنن بۆ بەرگرتن لە ونبوونی وڵات.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

چێوه‌ى هەماهەنگى شیعەکان دەستپێشخەرییەکى نۆ خاڵییان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ڕاگەیاند

چێوەی هەماهەنگی شیعه‌كان دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەركردنی قەیرانی هەڵبژاردنەكان دەخاتەڕوو كه‌ خۆی له‌ نۆ خاڵ ده‌بینێته‌وه‌. چێوەی هەماهەنگی شیعه‌كان…
Total
0
Share