عێراق لە دواخستنی پێكهێنانی حكومەتدا ژمارەی پێوانەیی تۆماردەكات

عێراق چووە درێژترین ماوەی سڕبوونی پاش هەڵبژاردن، دوای ئەوەی ململانێكان لەسەر پۆست تائێستا ڕێگربوون لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ، لەكاتێكدا پێویستییەكان بە چاكسازی و بوژاندنەوە لەوپەڕیدان.

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 9 مانگ بەسەر ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنەی لە تشرینی یەكەمی ڕابردوودا ئەنجامدرا، پەرلەمانتاران نەیانتوانیوە سەرۆك و سەرۆك وەزیران هەڵبژێرن و بگەنە ڕێككەوتن، ئەمڕۆ عێراق ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی بە 291 ڕۆژی بێ سەرۆك و حكومەت تێدەپەڕێنێت، وەك ئەوەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی پێداوە.

درێژترین ماوەی پێشوو لە ساڵی 2010دا بوو كاتێك 289 ڕۆژی بەبێ حكومەت تێپەڕاند، بەرلەوەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیران بۆ گەڕی دووەم لە پۆستەكەیدا هەڵببژێردرێتەوە.

حكومەتەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبوو وەك كاربەڕێكەر درێژەی هەیە. ئەگەر لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ نەگەنە ڕێككەوتن، كابینەكەی كازمی وەك حكومەتی قۆناغی گواستنەوە بەردەوام دەبێت تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ.

ئاڵای عێراق

لە ئاماژەیەكدا بۆ ئەوەی بەستەڵەكەكە بەمزوانە ناشكێت، ئێوارەی دوێنێ سەدان كەس لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر هەڵیانكوتایەسەر بینای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دروشمیان دژ بە ڕكابەرە شیعییەكانیان دەوتەوە، كە بەر لە چەند ڕۆژێك كاندیدی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیران دیاریكرد.

ئەم ئیفلیجبوونە سیاسییە، عێراقی بەبێ بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2022 هێشتووەتەوە، بەهۆیەوە خەرجی بۆ پڕۆژە پێویستەكانی ژێرخانی ئابوری وەستاوە، چاكسازییە ئابورییەكان پەكیانكەوتووە.

عێراقییەكان دەڵێن، ئەو بارودۆخە دەبێتەهۆی كەمی خزمەتگوزاری و هەلی كار، سەرەڕای ئەوەی بەغداد داهاتێكی پێوانەیی نەوت دەچنێتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خام، هەروەها سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی ململانێی گەورە نەبووەتەوە دوای هەرەسپێهێنانی داعش بەر لە پێنج ساڵ.

ڕۆیتەرز لە زاری محەمەد محەمەد، كە كارمەندێكی خانەنشینی كەرتی گشتییە تەمەنی 68 ساڵە و دانیشتووی شاری ناسڕیەیە، دەڵێت، “حكومەت نییە كەواتە یاسای بودجە نییە، شەقامەكان پڕ چاڵوچۆڵن، كارەبا و ئاو دەگمەنن، چاودێریی تەندروستی و پەروەردە پەكیانكەوتووە”.

بارودۆخێكی لەوجۆرە بوو، وەك ئەوەی محەمەد دەیڵێت، ساڵی 2019 بووەهۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی گەورە لە بەغداد و باشووری عێراق.

ئەوكات خۆپیشاندەران داوای ڕۆیشتنیان لەو حزبانە كرد كە لە ساڵی 2003ەوە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە دەسەڵاتدان، تۆمەتباریان كردن بە گەندەڵی كە وایكردووە عێراق بەبێ پێشكەوتن بمێنێتەوە. هێزە ئەمنییەكان و چەكداری گروپەكان سەدان خۆپیشاندەریان كوشت، تا ئەوكاتەی خۆپیشاندانەكان بە پلەبەندی لە ساڵی 2020دا كۆتاییانهات.

عەلی خیالی، كە چالاكوانێكی بەرهەڵسكاری حكومەتە دەڵێت، “حكومەت هەر پێكدێت، بەڵام لەو تاك و حزبانەی بەشداربوون لە كوشتنی هاوڕێكانمان”.

بابەتی پێشتر

هاندەرانی فەنارباخچە لە دژی ئۆکرانیا سروودی پوتین-یان وتەوە

بابەتی دواتر

میتی توركیا: سەركردەیەكی پەكەكەمان لە سلێمانی كوشت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share