لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی كوردستان ئاگای لە بارانە دەستكردەكە نییە كە لەلایەن دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەوە پڕۆژەیەكی بۆ ئامادەدەكرێت و كاری لەسەر دەكرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا عەبدولڕەزاق خەیلانی گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، دەستەی ژینگە خەریكی ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكە لەبارەی بارانی دەستكردەوە كە لەم هەفتەیە ڕاپۆرتەكە دەدرێتە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وتیشی، “پڕۆژەكە بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی وشكەساڵی و كەمئاوییە كاریگەری لەسەر خۆڵبارین لە هەرێمی كوردستانیش دەبێت”.
عوسمان سێدەری ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، ئەوەی باسی لێوەكراوە تەنها قسەیە و تاوەكو ئێستا لیژنەكەمان لەو بابەتە ئاگادار نەكراونەتەوە و پێدەچێت بیرۆكەی دەستەكە خۆیان بێت و نازانرێت ئەم توانایە لە كوێیەوە هاتووە كە بتوانرێت ئەو پڕۆژەیە جێبەجێبكرێت.
ئاشكرایكرد، ئێران و توركیا كە دراوسێی هەرێمی كوردستانن و عێراقیش تائێستا ئەو توانایەیان نییە و نەتوانراوە بارانی دەستكرد ببارێنن.