پارتی بۆ گۆڕان: جەخت دەکەینەوە لەسەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگیی نێوانمان

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی 13 ساڵەی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پەیامێك ئاراستەی بزوتنەوەكە دەكات و دەڵێت، ڕۆڵتان بەرز دەنرخێنین و “جەخت دەکەینەوە لە سەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگیی نێوانمان”.

لە پەیامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی هاتووە، “ڕۆڵی گرنگی ئێوە لە ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم و پرۆسەی سیاسی بەرز دەنرخێنین، هەروەها جەخت دەکەینەوە سەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی گشت مافەکانمان”.

دەقی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی:

بەڕێزان/ ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی لە بزووتنەوەی گۆڕان..

بە بۆنەی (13)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندامان و لایەنگرانی حزبەکەتان دەکەین و، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین لە خزمەتگەیاندن بە دۆزی رەوای گەلەکەمان.

ئێمە لە کاتێکدا ئەویادەتان پیرۆز دەکەین، رۆڵی گرنگی ئێوە لە ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم و پرۆسەی سیاسی بەرز دەنرخێنین، هەروەها جەخت دەکەینەوە سەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی گشت مافەکانمان.

لەو دەرفەتەدا هیوادارین بە هەموو لایەک دڵسۆزانە و بەرپرسانەتر هەوڵ بدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان و پتەوترکردنی بنەماکانی پێکەوەژیانی سیاسی و دیموکراسی و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی رۆشن و فەراهەمکردنی گوزەرانێکی شایستەتر بۆ هاووڵاتیان و گەلە خۆڕاگرەکەمان.

دووبارە یادی دامەزراندنی بزووتنەوەکەتان پیرۆز بێت و، هەر سەکەوتوو بن..

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

بابەتی پێشتر

ڕۆژنامەی "عەرەب"ی لەندەنی:‏ مەسرور بارزانی بە دەستی بەتاڵەوە گەڕایەوە

بابەتی دواتر

عێراق داهاتی نەوتی مانگی حوزەیرانی ئاشکراکرد کە زیاتر بووە لە 11 ملیار دۆلار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share