ئاگر لە دهۆك و كاردانەوە لە بەغداد
حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بێدەنگن

ناردنی شاند، زنجیرەیەك كۆبوونەوە، كۆكردنەوەی دۆسیەی پێشێلكارییەكان، بانگكردنەوەی نێردە، ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران و تۆماركردنی سكاڵا لە ئەنجومەنی ئاسایش بەشێك لەو كاردانەوانەن كە عێراق بەرامبەر دوایین هێرشی توركیا گرتونیەتیەبەر، بەڵام ئەگەرچی كاریگەری هێرشەكان لەسەر خەڵك و خاكی هەرێمە، پەرلەمان و حكومەتەكەی لەئاستیدا بێدەنگن.

چەند ڕۆژێكی كەم بەسەر هێرشەكەی چوارشەممەی سەر گوندی پەرەخێی لە سنووری ئیداری زاخۆ تێپەڕیووە، هێشتا پاشماوە و كەلوپەلی گەشتیاران لە سەیرانگاكەن، قوربانییان ئەسپەردەی خاك كراون، بریندارانیش لەژێر چارەسەردان.

لە یەكەم ساتەكانی پاش ڕووداوەكە و لەو ماوە كەمەی ڕابردوودا حكومەتی ناوەند زنجیرەیەك ڕێوشوێنی گرتەبەر، سەرەتا شاندێكی ئەمنی ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەكە كرد، پاشان جگە لە چەند ڕاگەیەندراوێكی ناڕەزایی، كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكان بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سەرەكییەكان ئەنجامدران.

لە دوایین هەنگاودا ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی هێرشەكە و سنووربەزاندنی توركیا بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی گرێدرا، وەزارەتی دەرەوەش بە فەرمی سكاڵای دژ بە توركیا گەیاندە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنەكە. جگە لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی لەلایەن هاوڵاتییانی شارە جیاجیاكانەوە ئەنجامدران.

قوربانییانی هێرشەكە هاوڵاتییانی گەشتیاری شارەكانی دیكەی عێراق بوون، بەڵام پەلامارەكە و بوونی سوپای توركیا و ئۆپەراسیۆنە چەندین ساڵەكەی، لەناو خاكی هەرێم و زۆرترین زیانیشی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمە، كەچی ناوەندە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان تەنها كاردانەوەیان ڕاگەیەندراوی ئیدانەكردنە.

باڵانبۆ محەمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هەندێك بابەت لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەنددایە، وەك بابەتی پاراستنی سنوورەكان و پاراستنی سەروەریی خاكی عێراق، بۆیە چاوەڕوانكراوە حكومەتی ناوەند لەو پرسانەدا ڕۆڵی گەورەی هەبێت.

وتیشی، “توركیا چەندین ساڵە بۆردومان و دەستدرێژی هەیە بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەرێم توانای وەڵامدانەوەی نییە. نەك تەنها ئەوە بەڵكو بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان لایەن هەیە ڕێگرە لەوەی تەنانەت خەڵك لەسەر پێشێلكارییەكانی دەوڵەتی توركیا بێتەجواب، یان ناڕەزایی دەرببڕێت”.

ئەو پەرلەمانتارە نمونەی ئەو چالاكییەی هێنایەوە كە بڕیاربوو ئێوارەی هەینی لە شاری هەولێر وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر هێرشەكانی توركیا ئەنجامیبدەن، لە ئاكامیدا جگە لە ڕێگری لە خۆپیشاندانەكە، ژمارەیەك چالاكوان دەستگیركران، وتیشی، “حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی كەمتەرخەمە، لانیكەم ئەگەر خۆی هیچی پێناكرێت، دەتوانێت لەڕێی حكومەتی ناوەندەوە ڕێگری لەم پێشێلكارییانەی دەوڵەتی توركیا بكات”.

دەربارەی پەرلەمانیش پێیوایە پرسی كەمینە و زۆرینە و دەنگدانی پێكهاتەكان ڕێگرن لەهەر هەنگاوێكی پەرلەمانی كوردستان و ئاماژەی بەوەكرد كە “ئەگەر داوابكەیت حكومەت بانگێشتی پەرلەمان بكرێت بۆ لێپرسینەوە. هیچ بایەخێكی نابێت، چونكە پارتی بە پاڵپشتی پێكهاتەكان دەتوانن پرسەكە بە ئارەزووی خۆیان تێبپەڕێنن” لەكاتێكدا ئەوەی پەرلەمان لە دەسەڵاتیایەتی ئەوەیە كە حكومەت ڕابسپێرێت بۆ گرتنەبەری هەنگاوی پێویست دژ بەو هێرشانە، باڵانبۆ محەمەد وای وت.

لە نیسانی ڕابردووەوە توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بە بیانووی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ناوچە سنوورییەكان بە بەشداری نزیكەی پێنج هەزار سەرباز و بە پاڵپشتیی هەلیكۆپتەر، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و هێزی تایبەت دەستپێكردووە.

مانەوەی هێز و بنكەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێم و بەتایبەتیش لە پارێزگای دهۆك، ئەگەری ڕووداوی زیاتری لێ چاوەڕوان دەكرێت وەك چۆن لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا 138 هاوڵاتیی هەرێم بەهۆیانەوە بوونەتە قوربانی، بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بەمدواییە تیمی کوردستانی عێراقی ڕێكخراوی تیمی ئاشتیخوازی كۆمەڵایەتی (CPT) بڵاویكردەوە.

سەوسەن محەمەد، ئەندامی لیژنەی كاروباری پەرلەمان و سكاڵای پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ناكرێت بەبیانووی ئەوەی پەكەكە لەو سنوورانە هەیە، هاوڵاتیی مەدەنی بكرێتە ئامانج، كە چەندین جارە دووبارە قوربانی لێدەكەوێتەوە.

گلەیی ئەوەشدەكات لە ڕابردوودا كە هاوڵاتییانی هەرێم دەكرانە قوربانی، حكومەتی ناوەند بەوجۆرە نەدەهاتە دەنگ و وتی، “هیچ جیاوازییەك لەنێوان هاوڵاتییانی عەرەب و كورددا نییە، بەڵام ئەمجارە ناوەند زۆر شێلگیرانەتەر وەڵامیان هەیە و هاتوونەتە دەنگ”.

لەگەڵ ئەوەی تائێستا هیچ هەوڵێك بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی كوردستان لەئارادانییە ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە “پێویستە دانیشتن بكرێت چونكە بابەتێكی هەستیارە، پەیوەندی بە ژیان، گوزەران و ئەمنییەتی خەڵكەوە هەیە”.

دووپاتیشیكردەوە، “ناكرێت لە هەموولایەك، دراوسێكانی ئێمە بە بیانووی جیاواز جیاواز، چ پەكەكە، چ لایەنی دیكە، سنووری هەرێمی كوردستان ببەزێنن و هاوڵاتییان لە ژیان و گوزەران و كاركردن لە زەوی و زارەكانیان بێبەش بكەن”.

توركیا هەمیشە ئەنجامدانی هێرشەكانی بۆسەر هەرێمی كوردستان بۆ بوونی پێگەی پارتی كرێكارانی كوردستان دەگەڕێنێتەوە، ئەو پەرلەمانتارەی پارتیش بۆچوونێكی هاوشێوەی هەیە و وتی، “پەكەكە هۆكارێكی سەرەكییە، بیانوو دەداتە دەست توركیا بۆ ئەوەی ئەو هیرشانە بۆسەر خەڵكی مەدەنی ئەنجامبدات”.

قوربانییە مەدەنییەكانی ئەمجارە ئەو گەشتیارانە بوون كە لە دەست گەرمای ناوچەكانیانەوە بۆ كەشوهەوای ساردی ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان هەڵاتبوون، گەڕانەوەی تەرم و لاشەی بریندارشیان كەشی سیاسی و كاردانەوەی ناوەندی بڕیاریشی گەرمكرد، تەنها لای ناوەندە فەرمییەكانی شوێنی بۆردومانەكە نەبێت، كە وەك كەشوهەوای ناوچەكە لە كاردانەوە و هەڵوێستدا سارد و سڕ دەنوێنێت.

بابەتی پێشتر

کارمەندانی نەخۆشخانەیەکی دهۆک بەهۆی پێنەدانی مووچەوە بایکۆتیان ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

چێوەی هەماهەنگی: توركیا ناچاربكرێت بوونی سەربازیی لە عێراق كۆتایی پێبهێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لیژنەكەی عێراق ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی لەشكركێشییەكانی توركیا ئامادەكرد و پێشكەشی كازمی دەكات

سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕاپۆرتێكیان لەبارەی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان…
زیاتر ببینە

روونكردنەوەیەك لە هاتوچۆی هەولێرەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر رادەگەیەنێت، لێخوڕینی ئۆتۆمبێل وپیاسەكردن،پێویستی بەچەك و ماددەی سەرخۆشكەر نییە. فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر…
Total
0
Share