دوو گرووپی چەكدار دەڵێن، بە مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیانكردووەتەسەر بنكەی سەربازیی زلێكان كە هێزەكانی توركیای لێیە، بەڕێوەبەری ناحییەكەش وردەكارییەكەی بۆ ئێستا ئاشكرادەكات.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە كەمێك لەمەوبەر بڵاویكردەوە، “مقاوەمەی ئیسلامی – لیوای ئەحڕاڕ ئەلعیڕاق” ڕایگەیاند، لە تۆڵەی ئەو شەهیدانەیان كە مووشەكەكانی توركیا لە دهۆك پێكاونی، بنكەی سەربازیی زلێكان-ـیان مووشەكباران كردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، بنكە سەربازییەكەی توركیا بە مووشەكی جۆری گراد 122 ملیمەتر پێكراوە و مقاوەمەی ئیسلامی هەڕەشەی هێرشی زیاتر دەكات و دەڵێت، “ئەمە تەنها سەرەتایە”.
پێشتر گرووپێكی چەكدار بە ناوی “سەرایا ئەولیا ئەلدەم” ڕایگەیاندبوو، بە پۆلێك فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دووربڕ هێرشیكردووەتە سەر بنكەی سەربازیی توركیا لە زلێكان.
لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری ناحیەی زلێکان ڕایگەیاند، کاتژمێر 9ی ئەمشەو مووشەکێک ئاراستەی سەربازگەی تورکیا لە ناحیەی زلێکان کراوە و وتی، “مووشەکەکە دوور لە سەربازگەکە کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێكی گیانیی نەبووە”.