كاركردن لە كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر بەردەوامە، بەڵام پێدانی ڤیزای ڕاگرت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر بەردەوامە لە كارەكانی و تا كەمێك لەمەوبەر ڕێوشوێنەكانی پێدانی ڤیزا بەو كەسانەی مامەڵەی وەرگرتنی ڤیزایان كردووە بە ئاسایی بەڕێوەدەچوون، دواتر پێدانی ڤیزا ڕاگیرا.
لە كاردانەوەی تۆپبارانەكەی دوێنێی توركیا بۆ سەر زاخۆ، باڵیۆزخانەی توركیا لە بەغداد و نووسینگەی نوێنەرایەتییەكانی ئەو وڵاتە لە نەجەف، بەسڕە، كەربەلا، سلێمانی، كەركوك و دیالە داخران و ئاڵای توركیا لەسەر بارەگاكانیان هێنراونەتەوە خوارەوە.
بەشێك لەو نوێنەرایەتییانەی توركیا لە ژێر فشاری خۆپیشاندەراندا داخراون و لە بەسڕە خۆپیشاندەران لەسەر دیواری نووسینگەی پێدانی ڤیزای توركیا نووسیویانە، “بە فەرمانی گەل داخراوە”. بەڵام لە هەندێك شاری تر توركیا نووسینگەی نوێنەرایەتییەكانی داخستووە بۆ بەرگرتن لە هەڵكشانی زیاتری گرژییەكان.