فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە ڕایدەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی تاراندا ئەردۆغان داوای پشتگیری دەكات بۆ ئەوەی هێرشبكاتە سەر ڕۆژئاوا و بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەش داوای پشتگیری دەوێت، بەڵام ئەوەی بۆی چووە بەدەستی ناهێنێت.
موراد قەرەیلان،فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە ڕایگەیاند، كۆبوونەوەی ناتۆ كە لە مەدریدی ئیسپانیا لەسەر پرسی سوید و فینلەندا بەڕێوەچوو، لە بناغەدا هاوشێوە ڕێككەوتنی لۆزانە و دەتوانین بڵێین لۆزانی دووەمە، بەڵام لە ڕاستیدا ناحەقییەكی گەورەیە لەدژی كورد، دەوڵەتی توركیا سەد ساڵە لە كوردستان تیرۆر دەكات و كۆمەڵكوژی ئەنجامدەدات.
ڕاشیگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای پشتگیری دەكات، بۆ ئەوەی هێرشبكاتە سەر ڕۆژئاوا و دواتر بۆ هێرشكردنە سەر باشوور و ناوچەكانی دیكە پشتگیری دەوێت، چونكە دەوڵەتی توركیا ڕۆژ و شەو بیر لەوە دەكاتەوە و ئێرانیش بەو داوایەی توركیا ڕەزامەند نییە و دەیەوێت لە ناوچەكەدا ببێتە دەوڵەتێكی گەورەی دەسەڵاتدار و باڵادەست.