سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە ئاشکرایکردووە ئیمارات چەند عێراقییەکی بە تۆمەتێکی نەزانراو دەستگیرکردووە.
لەسەر ئەم پرسە سایتی ” العربی الجدید” لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە، ئەمڕۆ 26 ی تشرینی دووەم ڕایگەیاندووە، “زانیاری هەیە کە چەند کەسێکی عێراقی لە ئیمارات دەستگیرکراون، بەبێ ئەوەی ئیمارات هیچ ڕونکردنەوەیەک بداتە حکومەتی عێراق”.
بەپێی زانیارییەکان ئەو عێراقیانە لە هەردووی میرنشینی دوبەی و ئەبوزەبی دەستگیرکراون.
بەپێی هەواڵی سەرچاوەکە حکومەتی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوە لە هەوڵدایە بۆ ئاشکرابوونی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانە.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی عێراقییەکان هاوکاتە لەگەڵ بەیاننامەیەکی ئیدارەی کۆچی ئیماراتی یەکگرتوو کە پێدانی ڤیزای بۆ 13 وڵات ڕاگرتووە، لەوانە ئێران و عێراق و سوریای تێدایە.
ڕاگرتنی پێدانی ڤیزا بە کەسانی عێراقی و ئێرانی و سوری لەگەڵ 10 وڵاتی دیکە هاوکاتە لەگەڵ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، کە دور نییە پێدانی ڤیزا بەو وڵاتانە لە ساڵی ئایندەوە بە مەرجی جیاوازتر بکرێتەوە.