تووشبووان بە كۆرۆنا لە هەرێم 450 هەزاری تێپەڕاند

لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 500 تووشبووی نوێی كۆرۆنا لە شارەكانی هەرێم تۆماركران و كۆی تووشبووانی پەتاكە لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە 450 هەزاری تێپەڕاند.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە ڕاگەیەندراوی 24 كاتژمێری تایبەت بە نەخۆشیی كۆرۆنا ڕایگەیاند، دوو هەزار و 191 پشكنینی نوێ ئەنجامدراوە و لەو ژمارەیە 557 تووشبووی نوێ تۆماركراون.

زۆرترین تووشبوو لە دهۆكە بە 234 حاڵەت، پاش ئەویش سلێمانی 185، هەولێر 134 و هەڵەبجە چوار حاڵەت.

لەو ماوەیەدا هیچ حاڵەتێكی مردن بە كۆرۆنا تۆمارنەكراوە، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

ئاشكراشیكردووە، كۆی گشتیی تووشبووان بە كۆرۆنا لە هەرێم گەیشتووەتە 450 هەزار و 273 حاڵەت.

ئامارەكە لەكاتێكدایە بەمدواییە حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لەسەر ئاستی هەرێم، عێراق و جیهان ڕوویان لە زیادبوون كردووەتەوە.

دووشەممەی ڕابردوو سامان شێخ لەتیف وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی ئاشکرایکرد، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا نیوەی ئەو پشکنینانەی بۆ کۆرۆنا کردوویانە پۆزەتیڤ بوون، ڕێژەی نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکان هەریەکە 50% بووە.

وتیشی، لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا پشکنینیان بۆ 385 کەس کردووە، لەو ژمارەیە 192 کەسیان ئەنجامەکانیان پۆزەتیڤ بووە و 193یان نێگەتیڤ بوون.

دوێنێش ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرایکرد، دوای تێپەڕینی نزیکەی دوو ساڵ و نیو بەسەر ڕاگەیاندنی یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تائێستاش ڤایرۆسەکە دەتوانێت ببێتە مەترسیی جیهانی و هێشتا دۆخێکی کتوپڕی تەندروستییە لە جیهاندا.

بابەتی پێشتر

بە ڤیدیۆ.. لە بەغداد شەڕەتەقەیە

بابەتی دواتر

دوای خیانەتی (audi).. (BMW) فریای ڕیاڵ مەدرید کەوت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share