لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی، نارنجۆکێک هەڵدراوەتە ماڵێکەوە و دوو کەس برینداربوون.
بەپێی زانیارییەكان كەسێكی نەناسراو نارنجۆكێكی هەڵداوەتە ماڵێكی گەڕەكی کازیوەی شاری سلێمانی و دوو ژن لەناو ماڵەكەدا برینداربوون.
لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، یاسین سەمیع وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، وتەیان لە خاوەنی ئەو ماڵەی هێرشیكراوەتەسەر وەرگرتووە و دەڵێت، “كێشەی كۆمەڵایەتیم هەیە و پێدەچێت هێرشەكە پەیوەندی بەوەوە هەبێت”.
ماڵەكە دەكەوێتە نزیك ئۆفیسی كەناڵی ئاسمانیی پەیام و هەندێك زانیاری نافەرمی باس لەوە دەكەن، كە بریندارەكان سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ـن.
پەیامنێرمان لە سلێمانی ئاشكرایكرد، هێزە ئەمنییەكان لە شوێنی ڕووداوەكەن و دۆخەكە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەكاندایە.