دوای ئەوەی توركیا ڕەزامەندیی دا بۆ بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە هاوپەیمانیی ناتۆ، سەرچاوەیەكی ئەمریكی ڕەتیدەكاتەوە واشنتۆن هیچ سازشێكی بۆ توركیا كردبێت بۆ دەستخستنی ڕەزامەندییەكە.
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە تورکیا ڕایگەیاند، دوای دانوستان لەگەڵ وڵاتانی سوید و فینلەندا، تورکیا پاڵپشتیی ئەندامبوونیان دەکات لە ناتۆ، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمییدا سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئاشکرایکرد، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕەزامەندییداوە لەسەر بوونە ئەندامی هەردوو وڵاتەكە، “ئەوەش لەبەرامبەر هاوکاریی تەواوی سوید و فینلەندا بۆ پرسی پەکەکە و ئەو لایەنانەی تورکیا بە مەترسییان دەزانێت”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، هەریەکە لە سوید و فینلەندا ئامادەییان پیشانداوە بە پابەندبوونی تەواویان بۆ هاوکاریکردنی تورکیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی “هێزە كوردییە تیرۆریستەكان” و هەر لایەنێکی دیکەی پەیوەندیدار بەو هێزانەوە، كە مەبەست پەكەكەیە.
بەوتەی ئەنقەرە، هەردوو وڵات ئامادەییان پیشانداوە بۆ “قەدەغەکردنی چالاکی و کۆمەکردنی پەکەکە لە وڵاتەكانیاندا”، هەروەها بەڵێنیانداوە بە هەڵگرتنی قەدەغەی پێدانی چەک بە تورکیا، کە لەساڵی 2019وە و دوای هێرشی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، بڕیاریان لێدابوو.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دوای ئەو ڕێككەوتنە، وتوویەتی، ”ئەوەی ویستمان بەدەستمانهێنا”.
یەكێكی دیكە لەو وڵاتانەی كە چاوەڕواندەكرا سازشی بۆ توركیا كردبێت بۆ ڕازیبوون بە داواكارییەكانی سوید و فینلەندا، ئەمریكا بوو، بەڵام سەرچاوەیەكی باڵای ئەمریكی ئاشكرایكردووە، توركیا هیچ داوایەكی لە ئەمریكا نەكردووە تا واشنتۆن سازشی بۆ بكات.
سەرەڕای لێدوانی ئەو بەرپرسە ئەمریكییە، بەڵام پێدەچێت پرسی فرۆكەی ئێف 16ی ئەمریكی بێتەوە بەرباس، كە ماوەیەكی زۆرە توركیا داوایدەكات و ئەمریكا پێینادات.
بە ئەگەرێكی زۆر، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی لوتكەی ناتۆ، كە لە مەدریدی ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، بایدن و ئەردۆغان پرسی فڕۆكەی ئێف 16 تاوتوێدەكەن.
دوای ئەو پێشهاتانە و ڕەزامەندییەكەی توركیا بۆ بوونەئەندامی سوید و فینلەندا، هاوپەیمانیی ناتۆ ڕایگەیاند، هێزی زیاتر هاوپەیمانێتییەکەیان ڕەوانەی سنوورەکان دەکەن بەرامبەر بە ڕوسیا.
یانس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ هەنگاوێكی لەو شێوەیەی هاوپەیمانێتییەكەی ئاشكراكردووە، ڕاشیگەیاندووە، ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە هێزی ناتۆ زیاتردەکات، “سەرۆک پوتین هێزی زیاتری ناتۆ لەسەر سنوورەکانی دەبینێت”.