دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بەشداریی هەردوو فراكسیۆنی پارتی و سوننەكان، هاوپەیمانیی پێشووی ڕەوتی سەدر دەبێت.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی نوێ لەجێگای پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی ڕەوتی سەدر.
دانیشتنەكە نائاساییە و لەسەر داوای ژمارەیەك پەرلەمانتاری چێوەی هەماهەنگی بۆ شوێنگرتنەوەی پەرلەمانتارانی دەستلەكاركێشاوە گرێدەدرێت.
هاوپەیمانیی (سەروەری)ی سوننەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا بەشداربوونی خۆی ئاشكراكرد.
(سەروەری) كە لە هەردوو فراکسیۆنى تەقەدوم و عەزم-ی محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر پێكدێت، دوای كۆبوونەوەیەكی ئێوارەی دوێنێ لەماڵی حەلبوسی ئەو بڕیارەی داوە.
هاوپەیمانییەكە، لەگەڵ پارتی و ڕەوتی سەدر هاوپەیمانییەكیان بەناوی (ڕزگاریی نیشتمان) پێكهێنابوو، بڕیاربوو هەماهەنگی و هەنگاوی پێكەوەییان هەبێت.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا فراكسیۆنی پارتی-ش لەلایەن سەركردایەتیی حزبەكەیانەوە بڕیاریان پێدراوە بەشداریی دانیشتنەكە بكەن.
ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا زانیارییەكەی نە پشتڕاستكردەوە نە ڕەتیكردەوە و تەنها ئەوەندەی وت كە “لە بەغدادن”.
ڕۆژی چوارشەممە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە كاندیدانی سەرنەكەوتووی خاوەن زۆرترین دەنگ كرد كە دەبنە جێگرەوەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدر ئامادەی كۆبوونەوەی پێنجشەممەی ئەنجومەن بن.
دەستەی سەرۆكایەتی بڵاویكردەوە دانیشتنەكە نائاساییە و بەپێی ماددەی 58/ یەكەمی دەستوور لەسەر داواكاری ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەن لە كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ ئەنجامدەدرێت.