بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بوومەلەرزەیەکی بەهێز ئەفغانستانی هەژاند، بەهۆیەوە زیاتر لە 230 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، بوومەلەرزەکە لە بەشێکی پاکستان و هیندستانیش هەستیپێکراوە.
دەستەی پێوانەی جیۆلۆجی ئەمریکی ڕایگەیاند، گوڕی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان 6.1 پلەی ڕێختەر بووە، لە دووریی 44 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری خوست لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان ڕوویداوە.
ئیدارەی کارەساتەکانی ئەفغانستان ئاشکرایکرد، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تائێستا لانیکەم 230 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئەوروپای ڕایگەیاند، بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان لەلایەن 119 ملیۆن کەسەوە لەهەریەکە لە ئەفغانستان، پاکستان و هیندستان هەستیپێکراوە.