بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو، ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر حسابی هەرێمی كوردستان كە وەك بەشێك لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە دەنێردرێت.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە بەغداد ئاشكرایكرد، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستكەوتوون بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو، عێراق بڕی 320 ملیار دینارەكە بخاتە سەر حسابی هەرێمی كوردستان.
سەبارەت بە سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی لەگەڵ حكومەتی عێراق، پەپامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، بڕیارە لە نزیكترین كاتدا شاندەكەی حكومەتی هەرێم بێنە بەغداد و كۆبوونەوەكان دەستپێبكەن.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا كە لە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستانەوە دەستی کەوتووە، وەزارەتی دارایی لیستی موچەی مانگەکانی 10 و 11ی بۆ پێدانی موچە ئامادەکردووە، بەڵام جارێ هیچ پارەیەکی ئەوتۆی لەبەردەست نییە بۆ دابەشکردنی.
سەرچاوەكە وتیشی، “هەر کاتێك حکومەتی عێراق پارەکەی نارد، حکومەتی هەرێم دەست بە دابەشكردنی دەكات”.
ئەمەش لەكاتێكدایە سەرەڕای تێپەڕبوونی 22 ڕۆژی مانگی تشرینی دووەم، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تشرینی یەكەمیان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا موچەی مانگەكانی (4، 5، 6، 7 و 8)یش بە بڕیارێكی حكومەتی هەرێم ڕاگیرا و موچەی مانگەكانی شوبات و ئازار و ئەیلولیشیان بە لێبڕینی 21% و 18% دابەشكردووە.