مێژوونووسێكی ئێرانی بۆ بەرپرسانی كورد: تەنها باڵەخانە چووە بەئاسماندا ئەوە ئامانجەكەتان بوو؟

مێژوونووسێكی ئێرانی ڕایدەگەیەنێت، پێویستە كورد لە شكست و سەركەوتنەكان ئەزموون وەربگرێت و وەبەرهێنان لە پەروەردە و فێركردندا بكات و دەشڵێت، تەنها باڵەخانە چووە بەئاسماندا ئەوە ئامانجەكەتان بوو، شەڕتان بۆ ئەوە كرد؟

د. سادق زیباكەلام مێژوونووسی ئێرانی لەمیانەی پانێڵێكدا كە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، دەربارەی ئەو كێشانەی ئێوە لەماوەی 33 ساڵی ڕابردوودا تووشی هاتن، نابێت ئەو ڕەخنانە بەچاوێكی كەم تەماشابكرێت.

لەو پانێڵەدا كە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و حزبی بەڕێوەچوو زیباكەلام وتی، لە خاڵی دەستپێكردنیەوە جوڵەی كورد سیاسی نەبووە و بەدوای ئۆتۆنۆمی نەبووە، باو باپیرانتان سۆفی بوون و ئەهلی تەریقەتی ئایینی بوون، پرسیارەكە ئەوەیە چ شتێك وادەكات جووڵەیەك كە بەدوای ئامانجی ئاینی و تەریقەت بووە، بچێتەسەر ڕێچكەی سیاسی و ململانێی سیاسی لەگەڵ ئێران و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و عێراق.

وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر سادەیە، وەك ئەوەی مێژوونووسە ئاماژەی پێداو وتی، ئەویش ئەوەیە كە “هەلومەرجی سیاسیی ستەمكار كە لەسەر گەلی كورد و جەماوەری كورد هەبووە، لە ئەنجامیدا و ئەو ڕێگە و جوڵەیەی لە ڕاستیدا بەدوای تەریقەتەوە بوو، بەلای سیاسەتدا ڕۆیشت”.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، “لە پەنجەرەی ئەو هۆتێلەی تیایدام كاتێك تەماشای دەرەوە دەكەم تەنها باڵەخانە و تاوەر دەبینم، ئایا ئەمەیە ئامانجەكەی ئێوە، فراوانی ئابوری و وەبەرهێنان ئەوەبوو نەوت و گاز دەربهێنین. ئایا 150 ساڵ گەلی كورد شەڕیكردووە بۆ ئەمەبوو؟” بە وتەی ئەو، دەكرا لەگەڵ عێراقیش ئەو ئامانجانە و ئەو شتانەی ئێستا هەیە بەدەستیان بهێنی، ڕەنگە لەگەڵ توركیا بتوانرێت.

ڕوو لە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی باوەڕی خۆی نیشاندا بەوەی، گەورەترین ئەرك لەسەرشانی ڕابەرانی ئەمڕۆ گواستنەوەی ئەو میراتە كۆنە مێژووییە بۆ نەوەی نەوێ، دەبێت بە نەوەی نوێ بوترێت ئەوەی كە ئەمڕۆ لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك دەستەبەركراوە، چەند بە بەها و بە ئەرزشە. دەبێت پێیان بوترێت كە مانگی هەنگوینی ئەمڕۆ لە ئەنجامی خەبات و هەوڵی 150 ساڵی باو و باپیرانتانەوە بووە، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن دەكرێت لەسەر ئەو 150 ساڵە شتێكی نوێ زیادبكرێت؟

مێژوونووسەكە ڕوونیشیكردەوە، “ئێمە لە ئێران بەداخەوە نمونەیەكی باشمان نەبوو كە ئێوە بێن لە ئێمە كۆپی بكەن، ئێمە نەماتوانی نەوەی نوێ لەگەڵ خۆمان بهێنین، ئەوان لە ئێمە دووركەوتنەوە، لە ئەزموونەكەی ئێمە فێرببن، چۆن نەوەی نوێ بپارێزیت، چۆن ئەو ئامانج و خواستانەی مەلا مستەفاكان 150 ساڵ ململانێ و شەڕیان بۆكرد چۆن ئەوانە بپارێزیت و چۆن ڕادەستی نەوەی نوێی بكەن، بە بیروبۆچوونی من یەك تاكە ڕێگا هەیە ئەویش پەروەردە و فێركردنە”.

وتیشی، “من ناڵێم ڕێگاكەش بۆ ئێوە گرنگ نەبێت، من ناڵێم پترۆكیمیایی و ئەتۆمیش بۆ ئێوە گرنگ نەبێت، نەخێر ئەوە ناڵێم، بەڵكو لە ڕۆژئاواییەكان با فێربین. ئێمە نەكەوتینە دوای پەروەردە و فێركردن، بەڵام ڕۆژئاوا لەدوای فێركردن و پەروەردەدا ڕۆیشت”.

ئاشكراشیكرد، ئەمڕۆ ئەو ڕۆژئاوایەی ئێوە دەیبینن، لەژێر سایە و سێبەری پەروەردە و فێركردندا بەو ئاستە گەیشتووە. پێشنیاری من بۆ ڕابەرانی كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە لە فێركردن و پەروەردە بێئاگا نەبن.

دووپاتیشیكردەوە، “هەتا زیاتر وەبەرهێنان لە فێركردن و پەروەردەدا لە هەرێم بكەیت، باوەڕبكەن ئەنجامەكانی زۆر زۆر باشتر دەبێت لە وەبەرهێنان لە شتەكانی دیكە”.

لەدوای پەروەردە و فێركردن، شتێكی دیكە هەیە پێی دەڵێن دیپلۆماسیەتی گشتی ئەو مێژوونووسە ئێرانیە وتی، “سەرم سوڕدەمێنی كاتێك دەبینم پەیوەندی ئێوەی كورد بە مەولەوی، حافز و سەعدی-یەوە هەیە. ئێرانییەكان نازانن ئێوە چەند پەیوەندیتان بە عیشق، فەرهەنگ و هونەری ئێرانەوە هەیە، بۆ دەبێت ئەوە نەزانن، بۆ دەبێت دەیان ئێرانی غەیرە كورد لێرە ئامادەنەبن”.

ڕوو لە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی-ش وتی، “ئێوە لە دیپلۆماسیەتی گشتی دوورن، دەبوایە لێرە ئێرانی زۆر بووایە، دەبوایە گەشتیار لێرەبووایە، تەنها فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی كۆماری ئیسلامی نەیەت بۆ ئێرە، شتی دیكەمان هەیە و گرنگە بێن”.

بابەتی پێشتر

بەغداد بودجەی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت

بابەتی دواتر

كازمی بەردی بناغەی بنیادنانی 1000 خوێندنگەی دانا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كه‌شناسیی هه‌رێم: له‌ ئێواره‌وه‌ به‌فربارین له‌ سه‌نته‌رى شاره‌كان ده‌ستپێده‌كات

كه‌شناسیی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، له‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆوه‌ له ‌سه‌نته‌رى پارێزگاكان به‌فربارین ده‌ستپێده‌كات و تا سبه‌ینێ دوانیوه‌ڕۆكه‌ى ئه‌م شه‌پۆلی به‌فربارین…
Total
0
Share