ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک، یەکێک لە تەوەرەکانی ڕەوانەکردنی ڕاپۆرتی ژمارە (3) تایبەت بە یاسای چاکسازی بۆ پەرلەمانی کوردستان .
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەبێت و چوار پرس تاوتوێدەکرێت.
کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران:
– ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێم بۆ دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ لە بەغداد تایبەت بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی.
– ڕەوانەکردنی ڕاپۆرتی ژمارە (3) تایبەت بە یاسای چاکسازی بۆ پەرلەمانی کوردستان.
– کۆنووسی لیژنەی باڵای چارەسەرکردنی کێشەی موڵکداریی کریستیانەکان.
– پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (132) تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی 15% لەو پێشینانەی حکومەت کە لەلای هاوڵاتییانە وەک (پێشینەی خانووبەرە و قەرزی بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی و پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری) و پابەندیی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش و سزای دواکەوتن و سوود لەسەر باج و رەسم.