خوێنی كەس سوورتر نییە
قوباد تاڵەبانی: بۆچی عێراق بۆ شەهیدبوونی كورد بە دەستی توركیا هەڵوێستی نەبوو؟

قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بۆردومانەکەی گوندی پەرەخ و گیانلەدەستدانی نۆ هاوڵاتیی عێراقی دەڵێت، حکومەتی عێراق بۆچی بۆ شەهیدبوونی زیاتر لە 100 هاوڵاتیی کورد لە بۆردومانەکانی تورکیا هیچ هەڵوێستێکی جدیی نەبوو؟ ئەگەر پێشتر هەڵوێستی هەبووایە ئێستا ئەم کارەساتە دووبارە نەدەبووەوە.

لە نوسینێکدا قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، ” تاوانەکە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان واتایەکی دیکەشی هەبوو، هاوڵاتییانی کوردستان دووجار ویژدانیان هەژا، جارێکیان وەک هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکەی عێراق خەمبار و دڵگران بوون بەو ڕووداوە دڵتەزێنە و شەهیدبوونی نۆ هاوڵاتیی مەدەنی، جارەکەی دیکەشیان وەک کوردێکی بێکەس و بێ پشتوپەنا، کە بەردەوام قوربانین و کەس هاواریان نابیستێت!”.

دەقی نوسینەکەی قوباد تاڵەبانی:

لە گەرمای تەموزی بەغداد و باشوورەوە هاتبوون تا جەستەی خۆیان بدەنە بەر فێنکایی تاڤگە و  شنەبای سەیرانگا و هاوینەهەوارەکانی کوردستان، کەچی بە داخەوە جەستەی خوێناویی بێ گیانیان رادەستی کەسوکار و خانەوادەکانیان کرایەوە.

تاوانە گەورەکەی سەیرانگای پەرەخ ویژدانی هەموو هاوڵاتییانی عێراقی هەر لە دهۆک و هەولێر و سلێمانییەوە هەتا بەغداد و نەجەف و بەسرەی هەژاند و هەموولایەکی تازیەبارکرد. ئێستا نەک هەر خانەوادەکانیان، بەڵکو هەموو عێراق خاوەن پرسەی نۆ شەهیدەکەی سەیرانگای پەرەخن.

تاوانەکە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان واتایەکی دیکەشی هەبوو، هاوڵاتیانی کوردستان دووجار ویژدانیان هەژا. جارێکیان وەک هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکەی عێراق خەمبار و دڵگران بوون بەو رووداوە دڵتەزێنە و شەهیدبوونی نۆ هاوڵاتی مەدەنی. جارەکەی دیکەشیان وەک کوردێکی بێکەس و بێ پشتوپەنا، کە بەردەوام قوربانین و کەس هاواریان نابیستێت!

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرووی ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانەوە شەهید بوون، بۆ حکومەتی فیدراڵ جارێک هەڵوێستێکی جدی نەبوو؟

ئێمە خۆشحاڵین و جێی پێزانینە کە ئەمجارەیان حکومەتی فیدراڵ و پەرلەمان و لایەنە عێراقییەکان بە گشتی و تەنانەت کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەڵوێستی شیاو و گونجاویان هەبوو، بەڵام جێی خۆشییەتی وەبیریان بهێنێنەوە کە ئێمە لە رابردوودا بە دەیانجار داوای هەڵوێستی جدیمان لێکردن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاکی عێراق، کەچی بە داخەوە تەنها یەک دوو جار نەبێت کە بە ئیدانەکردنێکی سەرپێیی لەکۆڵ خۆیان کردەوە.

ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، رەنگ بوو کارەساتی بەر لەچەند رۆژی رابردوومان نەدیبایە، گەنجێکی جوان لەمانگی هەنگوینیی خۆیدا شەهید نەبوایە، لاشەی بێ گیانی منداڵێکمان بەفرۆکە رەوانەی بەغدا نەکردایە!

من دەڵێم خوێنی کەس لەکەسی تر سورتر نییە!

ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لەساڵی ٢٠١١دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر تاوانی شەهیدکردنی سۆلین شەماڵ حسێنی منداڵ و شەش ئەندامی دیکەی خانەوادەکەی لە چیای کورتەک، ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠١٥دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر شەهیدکردنی ٨ هاوڵاتی مەدەنی گوندی زارگەلی، ئەگەر هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر بە شەهیدکرانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئەستەم بوو ئەم رۆژانە تاوانەکەی سەیرانگای پەرەخ روویدابایە.

بەپێی دەستور پاراستنی سەرەوەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەرکی حکومەتی فیدراڵە، هەربۆیە چ وەک حکومەتی هەرێم و چ وەک هاوڵاتیانی کوردستان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە فیدراڵییەکان ئەوەیە بێ هیچ فەرق و جیاوازییەک بەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی سەرەوەری عێراق ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.

داواکارم و کار بۆ ئەوە دەکەم ئەم رووداوە کارەساتاوییە تەبایی بێنێتە نێو لایەنە سیاسییەکانی عێراق و لەیەکیان نزیکبکاتەوە و وایان لێبکات دڵۆپێک خوێنی هاوڵاتییەکمان لەهەموو شتێکی تر پێ گرنگتر بێت. حکومەتێک دەتوانێت ژیانی هاوڵاتیان و سەرەوەری خاکەکەی بپارێزێت کە بتوانێت لەناوخۆدا کۆک و تەبابێت و جێی متمانەی هاوڵاتیانی بێت.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی گوندی پەرەخ و سەرجەم شەهیدانی بۆردومانەکانی ساڵانی رابردوو.

بابەتی پێشتر

عێراق سكاڵای دژی توركیا لە ئەنجومەنی ئاسایش تۆماركرد

بابەتی دواتر

پرسی وزە و نەوت مەسرور بارزانیی گەیاندە بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share