تاقیكردنەوە دژوارەكەی ماكرۆن و حزبەكەی دەستپێدەكات

هاوپەیمانیی هێزەكانی چەپی فەرەنسی ئالنگاریی گەورەی بەردەم حزبەكەی ماكرۆنن لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا

ئەمڕۆ فەرەنسییەكان ڕوویان لە سندوقەكانی دەنگدان كرد، لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا و تیایدا دەردەكەوێت ماكرۆن و حزبەكەی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستدەهێنن، یان ناگاتە ئەو ئاستە پێویستەی ئەجێندای چاكسازییەكەی جێبەجێبكات.

پاش تێپەڕبوونی مانگ و نیوێك بەسەر سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی ئیمانوێل ماكرۆن، ئەمڕۆ فەرەنسییەكان دووبارە ڕوویان لە سندوقەكانی دەنگدان كرد لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان كە تیایدا سەرۆك گرەو لەسەر بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی دەكات لە بەرامبەر چەپی نوێ، زیاتر لەوەش دەسەڵاتی پێویست بۆ ئەنجامدانی چاكسازی.

لە دەوروبەری كاتژمێر 8ی بەیانییەوە دەرگا بەڕووی نزیكەی 48 ملیۆن دەنگدەردا كرایەوە و بڕیارە كاتژمێر 6ی ئێوارە كۆتایی پێبهێنرێت، بەدەر لە شارە گەورەكان و لەوانەش پاریس-ی پایتەخت كە دەنگدان تا كاتژمێر 8ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

فەرەنسییەكان سەرجەم ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی كە ژمارەیان 577 پەرلەمانتارە لەم هەڵبژاردنەدا دیاریدەكەن كە بە دوو گەڕ بەڕێوەدەچێت. گەڕی دووەم پاش هەفتەیەك و بە دیاریكراوی یەكشەممەی داهاتوو 19ی حوزەیران ئەنجامدەدرێت.

بەپێی ڕاپرسییەكان هاوپەیمانیی (پێكەوە) كە پاڵپشتی لە ماكرۆن دەكات و لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017دا كۆنتڕۆڵی كۆمەڵەی نیشتمانی كرد، لەگەڵ هاوپەیمانیی چەپڕەو بە سەرۆكایەتی جان لۆك میلنشۆن هاوتان لە دەنگەكاندا.

لەكاتێكدا پێشبینی دەكرێت پارتی ڕاستڕەوی پەڕگیر بە سەرۆكایەتی مارین لۆپن پێگەی سێیەم بگرێت.

بەپێی پێشبینییەكان ماكرۆن و هاوپەیمانەكانی زۆرینەی 289 كورسی لەدەستدەدەن بە جیاوازیی 40 كورسی، ئەمەش بۆ دیاردەی بەشدارینەكردن لە دەنگدان و ناڕەزایی جەماوەری بەرامبەر بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و زیادبوونی هەڵاوسان دەگەڕێتەوە.

لەكاتی ڕوودانی ئەوەشدا پارتەكەی ماكرۆن ناچاردەبێت هەماهەنگی لەگەڵ پارتە ركابەرەكانی بكات، كە وەك ئەوەی پێشبینی دەكرێت دەبێتەهۆی ئاڵۆزبوونی ڕێڕەوی چاكسازی كە سەرۆكی فەرەنسا لە ویلایەتی دووەمیدا بەڵێنیداوە، بەتایبەت دەربارەی خانەنشینان.

هەروەك چارەنووسی حكومەت كە لە ناوەڕاستی ئایاری ڕابردوو دامەزرێندرا، هەڵپەسێردراوە تا كاتی دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان كە 14 وەزیریان لە ململانێ ناوخۆییەكاندا خۆیان پاڵاوتووە و ئەركەكانیان لەدەستدەدەن ئەگەر شكستبهێنن لە بەدەستهێنانی كورسی.

لە بەرامبەریشدا فراكسیۆنەكەی جان لۆك میلنشۆن -ی چەپڕەو سوود لە دۆخەكە وەردەگرێت، لە ئەگەری سەركەوتنیدا پۆستی سەرۆك وەزیران دەپچڕێت.

س: DW

بابەتی پێشتر

كۆمسیۆن ناوی مردووان لە تۆماری دەنگدەران لادەبات

بابەتی دواتر

ئۆكرانیا گیانلەدەستدانی 24 منداڵی بەهۆی بۆردوومانەكانی ڕوسیا لە ماریۆپۆل ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share