كتێبێكی نوێ چەندین نهێنی لەبارەی بن لادن و قاعیدەوە ئاشكرادەكات

بن لادن دەیویست تۆقاندن لە ئەمریكا بڵاوبكاتەوە بەڵام ڕێكخراوەكەی لاوازبوو، لاوازتر لەوەی خۆرئاوا و سەرانی ڕێكخراوەكە نیشانیاندەدا، ئەمە بەشێكە لە ناوەڕۆكی كتێبێكی نوێ بە ناونیشانی “بەڵگەكانی بن لادن: چۆن هێرشەكەی ئەبوت ئاباد ڕاستیی قاعیدە و ڕابەرەكەی و خێزانەكەی ئاشكراكرد”، كە نیللـی لحود نووسیویەتی.

گۆڤاری فۆرین پۆڵسیی ئەمریكی، ڕاپۆرتێكی بۆ ناساندنی كتێبەكە بڵاوكردەوە، پلانەكانی ڕێكخراوی قاعیدە و ئوسامە بن لادنی ڕابەری پێشووتری و ململانێ و ناكۆكیی نێوان ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی ئاشكراكردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، بن لادن ئامانجی بووە “هاوكێشەی تۆقاندن” لەگەڵ ئەمریكادا پەیڕەوبكات و هێرشی گەورەی خوێناوی لە وڵاتاندا ئەنجامبدرێت، بەڵام ڕێكخراوی قاعیدە لەڕووی بەرپاكردنی هێرشی نێودەوڵەتییەوە لاوازبووە.

فۆرین پۆڵسی لە ناوەڕۆكی كتێبەكەوە گواستییەوە، لە ساڵانی كۆتایی تەمەنی بن لادن-دا، ململانێی سەخت هەبووە لەنێوان ئەو و ئەبو مسعەب زەرقاوی سەركردەی قاعیدە لە عێراق، قاعیدە لەوە لاوازتربووە كە سەركردەكانی و وڵاتانی خۆرئاوا نیشانیاندەدا، چونكە “بەپێی بەڵگەنامەكان، لەو سەردەمەدا ژمارەیەكی زۆر لە سەركردەكانی قاعیدە كوژرابوون” و دواتر ململانێی توند لەنێوان قاعیدە و داعش سەریهەڵدابوو.

ناوەڕۆكی كتێبەكە دەڵێت، هێرشی كوشتنی بن لادن كە لە دووی ئایاری ساڵی 2011دا ئەنجامدرا و 48 خوولەكی خایاند، لە 18 خوولەكی كۆتاییدا هێزە ئەمریكییەكە هەموو سی دی و كەرەستە ئەلیكترۆنییەكانی ناو ماڵەكەی بن لادن-ی كۆكردووەتەوە.

ئاشكرایكردووە، “ئەو كەرەستە و ئامێر و بەڵگەنامانە گرنگبوون، چونكە یارمەتیدەربوون لە كوژرانی چەندین سەركردەی تری قاعیدە لە هەفتە و مانگەكانی دوای كوژرانی بن لادن-دا. دواتر هەواڵگریی ئەمریكا نهێنیبوونی سەر ئەو بەڵگەنامانەی لابردووە و ئاشكرایكردوون”.

نیللـی لحود دەڵێت، زیاتر لە شەش هەزار بەڵگەنامەی بینیوە و دەریدەخەن كە دوای هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر، قاعیدە دووچاری چەندین گرفت بووەتەوە، سەركردەكانی لە نامەكانیاندا بۆ بن لادن باسیان لە لاوازبوونی ڕێكخراوەكە، كوژرانی بەشێك لە سەركردەكانی و قەیرانی دارایی كردووە و وتوویانە، قاعیدە لە بێبەرنامەیی و لاوازی و پشێویدایە.

بابەتی پێشتر

دی ماریا: شكستی یارییەكەی ڕیاڵ لە پشت ڕۆیشتنی منەوە بوو

بابەتی دواتر

گواستنەوەكانی بەرشلۆنە.. سێ یاریزان دێن ، سیان دەڕۆن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share