زانکۆی گەرمیان لەسەر کۆمێنتی فەیسبوک چوار مامۆستای زانکۆ دەداتە دادگا

 

ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرایکردووە، لەسەر کۆمێنتی نەشیاو لەلایەن چوار مامۆستای زانکۆوە ئەنجومەنەکە بڕیاریداوە بیانداتە دادگا و بڕیاری دەرکردنیان لە زانکۆکە ڕەتکراوەتەوە.

ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان ڕایگەیاندووە، لەلایەن ژمارەیەک لە ڕاگرانی کۆلێژەکانی زانکۆی گەرمیانەوە داوا لە سەرۆکایەتیی زانکۆی گەرمیان کراوە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو چوار مامۆستایە بگیرێتەبەر بەهۆی ئەوەی کۆمێنتیان بە زمانێکی نەشیاو نووسیوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک.

لە ڕوونکردنەوەکەی زانکۆی گەرمیاندا هاتووە، دوای تاوتوێکردنی پرسەکە لەلایەن ئەنجومەنی زانکۆوە، بڕیاردراوە ئەو مامۆستایانە بدرێنە دادگا.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی زانکۆی گەرمیان:

بۆ ڕای گشتی

ب/ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی زانكۆی گه‌رمیانه‌وه‌

سڵاووڕێز…

سه‌باره‌ت به‌ به‌یاننامه‌ی ئه‌و چه‌ند مامۆستایه‌ی به‌ ناوی (ده‌سته‌ی گه‌رمیان)ه‌وه‌ ده‌ریانكردووه‌، كه‌ گوایه‌ ئه‌نجومه‌نی زانكۆی گه‌رمیان له‌سه‌ر كۆمێنت نووسین، چه‌ند مامۆستایه‌ك ده‌داته‌ دادگا به‌ پێویستی ده‌زانین به‌م چه‌ند خاڵه‌ی لای خواره‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست بده‌ین.

1- زانكۆی گه‌رمیان زیاتر له‌ (1200) مامۆستا و فه‌رمانبه‌ری هه‌یه‌، له‌ ماوه‌ی (3) ساڵی ڕابردوودا، نه‌ ئه‌نجومه‌نی زانكۆ و نه‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ هیچ مامۆستا و فه‌رمانبه‌رێكیان له‌سه‌ر ئازادی ڕاده‌ربڕین و گردبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندان  نه‌ سزاداوه‌ و نه‌سزا ده‌دات، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو هه‌میشه‌ پاڵپشتی دادپه‌روه‌ری و مافی ڕه‌وا بووین، هه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتن و گیانی پێكه‌وه‌ی كاركردنه‌ی نێوان به‌رپرسانی زانكۆی گه‌رمیان و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و خوێندكارانیه‌تی وایكردووه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا به‌روارود به‌ به‌شێكی تر له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌وام و به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی خوێندن له‌ زانكۆی گه‌رمیان كه‌مترین كێشه‌ و گرفتی هه‌بووه‌، هه‌ربۆیه‌ جێی خۆیه‌تی جارێكی تر سوپاسی یه‌كبه‌یه‌كی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و خوێندكارانی زانكۆمان بكه‌ین.

2- چه‌ند ڕاگرێكی به‌ڕێزی زانكۆمان له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆدا، كه‌ له‌ به‌رواری (23/5/2022) ئه‌نجام درا، داوایان له‌ ئه‌نجومه‌نی زانكۆ كرد ڕێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و (3 – 4) مامۆستایه‌‌ بگیرێته‌ به‌ر، كه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك به‌ زمانێكی زۆر نا شارستانیانه‌ و دوور له‌ پێگه‌ی مامۆستای زانكۆی ئه‌وپه‌ڕی سوكایه‌تی و ناوزڕاندنیان به‌رامبه‌ر به‌ كه‌سێتی ڕاگره‌كان ئه‌نجام داوه‌، ناشیرینی و نالایه‌قی زمانی كۆمێنته‌كان به‌ ڕاده‌یه‌كه‌ خودی ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ نووسیویانه‌ دواتر هه‌ندێكیان سڕیوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێی پۆستی فه‌یسبووكی یه‌كێك له‌و مامۆستایانه‌ هیچ ڕاگرێكی زانكۆی گه‌رمیان له‌ گوڵ كاڵتری پێ نه‌وتوون.

3- دوای تاوتوێكردنی تێروته‌سه‌لی بابه‌ته‌كه‌ و له‌به‌ر ڕۆشنایی به‌ڵگه‌كانی به‌رده‌ست له‌ نێوان ئه‌وه‌ی زانكۆی گه‌رمیان خۆی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ پێكبهێنێت یا پرسه‌كه‌ ئاراسته‌ی دادگا بكات، ئه‌نجومه‌نی زانكۆ ڕیگای دووه‌می به‌ دروستتر زانی، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی دادگا و یاسا سه‌روه‌ر بێت و زانكۆ به‌شێك نه‌بێ له‌ بڕیاره‌كه‌.

4- له‌ كۆتاییدا زانكۆ ناوه‌ندێكی مه‌عریفی و ئه‌كادیمییه‌ و مامۆستای زانكۆش پێگه‌یه‌كی مه‌عنه‌وی به‌رزی هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌و وێنه‌یه‌ بكه‌ین، پێویسته‌ هه‌موان به‌ ڕێگای ئیداری دروست و لایه‌ق به‌و پێگه‌یه‌ كار و هه‌ڵوێسته‌كانمان بنوێنین، باشترین ڕێگاش ئارامگرتن و ده‌رفه‌تدانه‌ له‌پێناو سه‌روه‌ری یاسا و ڕێزلێگرتنیدا.

ئه‌نجومه‌نی زانكۆی گه‌رمیان

بابەتی پێشتر

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە هەوڵی لێسەندنەوەی متمانە ڕزگاریبوو

بابەتی دواتر

بە تۆمەتی دزینی شوێنەوار عێراق 15 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر بەریتانییەكدا سەپاند

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەپەگە: توركیا لەڕێگەی چەتە و جاشەكانیەوە دارستانەكانی كوردستان دەسوتێنێت و دەبڕێتەوە

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە سوتاندن بڕینەوەی دارەكانی دارستانەكانی باشوور لەلایەن توركیاوە دووپاتدەكاتەوە، دەڵێت، لەڕێگەی چەتە و جاشەكانیەوە ئەنجامیدەدات، “پێویستە…
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزی و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share