حكومەتی نوێی ئوسترالیا سوێنی یاسایی خوارد، بەمەش بووە هەمەڕەنگترین حكومەت لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، 10 ژن و دوو وەزیری موسوڵمان لەخۆدەگرێت. حكومەت لەلایەن پارتی كرێكارانەوە پێكهێنراوە كە پاش بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمان ئەو ئەركەی بەتەنها لەئەستۆگرتووە.
ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی نوێی ئوسترالیا سوێندی یاسایی خوارد، ئەنتۆنی ئەلبانیسی سەرۆك وەزیران ژمارەیەكی پێوانەیی لە ژنانی لەنێو تیمە وەزارییە جۆراوجۆرەكەیدا داناوە كە بەهەمان شێوە كەمایەتییە ئاینییەكان و دانیشتووانی ڕەسەن لەخۆدەگرێت.
حكومەتەكەی ئەلبانیسی لە 23 وەزیر پێكدێت كە 10یان ژنن، بەراورد بە حەوت وەزیری ژن لە حكومەتی پێشوو، بەمەش بووەتە پێكهاتەیەكی زیاتر هاوسەنگی نێوان هەردوو ڕەگەز لە مێژووی وڵاتەكەدا.
سەرۆك وەزیران لە تویتەر نوسی هەست بە “شانازی” دەكات بە تیمەكەی.
ئید هۆسیك وەزیری پیشەسازی و ئان عەلی وەزیری لاوان یەكەم دوو وەزیری موسوڵمانن لە حكومەتی فیدراڵیی ئوسترالیا، هەروەك لیندا بۆرنی كە عەبایەكی لە پێستی كەنگەر پۆشیبوو بووە یەكەم ژن لە دانیشتووانی ڕەسەن ئەركی وەزارەتی دانیشتووانی ڕەسەنی وڵات لەئەستۆبگرێت.
ریچارد مالز كە پۆستی جێگری سەرۆكی پارتی كرێكارانی لەئەستۆبوو لە ساڵی 2019ەوە، لەئێستادا دوو ڕۆڵی دەبێت وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا و وەزیری بەرگری.
ڕۆژی سێشەممە ئەلبانیسی ڕایگەیاند، پارتی كرێكاران بەتەنها حكومەت پێكدەهێنێت پاش بەدەستهێنانی 77 كورسیی لە كۆی 151 كورسیی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمەش ڕێگەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی پێدەدات بەبێ پاڵپشتیی سەربەخۆكان و پارتی سەوز كە جەخت لەسەر پرسەكانی ئاووهەوا دەكەنەوە.