دەبێتە تەواوکەری کۆنگرە
ئامانجی دیداری یەكێتی چییە؟

ئەمڕۆ “دیداری یەكێتی” بە بەشداریی زیاتر لە 12 هەزار ئەندام و كادیری حزبەكە لە سلێمانی یەكەم ڕۆژی كارەكانی دەستپێكرد و بڕیارە ماوەی چوار ڕۆژ بخایەنێت.

دیداری یەكێتی بەسەر 14 لیژنە لە سەرجەم بوارەكاندا دابەشبووە، لە ماوەی ئەو شەش مانگەشدا زیاتر لە 130 كۆبوونەوە لە هەرێمی كوردستان و عێراق كراون و نزیكەی هەزار و 500 ڕاپۆرت، سەرنج و پێشنیاز و ڕەخنە پێشكەشی لیژنەكانی دیداری یەكێتی كراون.

ئامانجی دیداری یەكێتی چیە؟

دیدارەكە، كە دروشمی “نوێبوونەوە و چاکسازی”یە بەرئەنجامی كۆبوونەوەی لیژنەكانە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا كراون و ئامانجێتی پێداچوونەوە بە تێڕوانین، سیاسەت، چاكسازی و ستراتیژی حزبەكە و نوێبوونەوەی بكات.

بڕیاریشە كۆی سەرنج و پێشنیازەكان بۆ تەواوكردنی ڕاپۆرتەكان لەو چوار ڕۆژەدا كۆبكرێنەوە و پێشكەشی سەركردایەتیی یەكێتی بكرێن تا ببنە ڕاسپاردە.

“ئەم دیدارە دەبێتە تەواوکەری کۆنگرەی یەکێتی”

لە بارەی ئەنجامدانی دیدارەکەشەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ” ئەگەر باشترین و ڕێکوپێکترین و بێ کەموکوڕیترین کۆنگرەشمان بکردایە من پێموایە پێویستمان بەم دیدارە دەبوو”.

وتیشی، ئەم دیدارە دەبێتە تەواوکەری کۆنگرەی یەکێتی، لەبەرئەوەی چەند ساڵێکی زۆربوو کۆنگرەی یەکێتی نەبەسترابوو، بۆیە بیرکردنەوەیەکی ناواقعی بوو ئەگەر چاوەڕێمان بکردایە بە یەک کۆنگرە سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەبن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە گرنگی دیداری یەکێتی کردەوە و ئاشکرایکرد، “زۆر دەمێکە ئێمە بەیەکەوە دانەنیشتووین کە پرسیاری قورس لەخۆمان بکەین بۆچی دۆخی هەرێمی کوردستان وایە؟ بۆچی عێراق و پارجەکانی دیکەی کوردستان دۆخیان بەمجۆرەیە؟، بۆیە ئەم دیدارە گرنگە و دەبوو ئەو پرسیارانە لەخۆمان بکەین”.

سەبارەت بە نیگەرانی بەشێک لە ئەندامانی حزبەکە لە ئەگەری پشتگوێخستنیان بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، “ئەگەر کادیرە بەئەزموونەکانمان وابیردەکەنەوە کە پشتگوێدەخرێن ئەوە هەڵەی ئێمەیە کە نەمانتوانیوە تێیانبگەیەنین چەند پێویستمان بە ئەزموونەکەیانە”.

لە وەڵامی پرسیاری ئەو پرسیارەشدا باسی لەوەکرد، کە حەزی لەوە نییە کە ئەوترێت یەکێتیی تازە وتی، “با وابکەین یەکێتی ببێتەوە یەکێتیی مام جەلال، ببێتەوە بە یەکێتیی ئێمە”.

هەر سەبارەت بە کادیرە بەئەزموونەکانی یەکێتی بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە گرنگی ڕۆڵی گەنجان و ژنان و وتی، بەوە دەتوانین “زیاتر یەکێتی ببەینە پێشەوە ناڵێم بیبەینە پێشەوە چونکە بردوومانەتە پێشەوە، بەڵکو ئەڵێم زیاتر بیبەینە پێشەوە”.

ئەوەشی ئاشکراکرد، “ئێمە ئەوە دەزانین کە بەهۆی کێشەکانی ناوخۆمان هەڵەمان هەبووە بۆ هەندێک لە بابەتەکان کارمان نەکردووە، بەڵام دڵنیابن یەکێتیی ئەمڕۆ ئەو یەکێتییەیە کە کاردەکات بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە یەکەمجار دواتر بۆ حزبەکەی خۆی”.

“بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ ئارامیمان بۆ یەکێتی گەڕاندەوە”

لای خۆشیەوە قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەكێتی وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، لە دوای کۆنگرە هەوڵی کوشتنی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی درا، بەڵام “لە ژێر سەرکردایەتیی سەرۆکەکەماندا توانیمان ئارامی بۆ یەکێتی بگەڕێنینەوە”.

ئەو جەختی لەوەشكردەوە، دیداری یەکێتی دەبێتە مایەی نزیکبوونەوەی یەکێتی لە جەماوەرەکەیی و دەنگدەرەکانی، هەروەک چۆن مام جەلال وتوویەتی، “سەفین لە بن بێت یەکێتی لە بن نایەت، بۆیە هەرکەسێک پێی وایە یەکێتی لەبەردەم ڕووخاندایە خەیاڵی خاوە”.

قوباد تاڵەبانی هەر لەوتارەكەیدا باسی لەوەكرد، ” لە چەند ساڵی ڕابردوودا یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەوە، هەر لە دوای کۆنگرە هەوڵی کوشتنی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی درا، بەڵام لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا توانیمان ئارامی بۆ یەکێتی بگەڕێنینەوە”.

هەر لەبارەی دیدارەکە ڕوونیشیكردەوە، “ئەم دیدارە بۆ بۆ خۆدەرخستن نییە، ئەبێت یەکێتی بەهێزتر بێت لە ئەمڕۆ و نزیکتر بێت لە جەماوەر”.

باسی لەوەشکرد، “خەڵک چاوەڕێیە یەکێتی دەستپێشخەری چاکسازیی بکات و پێشڕەوی بکات، یەکێتی تاکە حیزبە ڕەخنە دەگرێت و قبوڵی ڕەخنەش دەکات”.

بابەتی پێشتر

خۆپیشاندان لە ئێران بەردەوامە و حكومەت 13 بەرپرسی دەستگیركرد

بابەتی دواتر

چەند چەكدارێك سێ قاسەی پارەیان لە بەسڕە دزی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزینی بەخۆوە بینی و 100…
Total
0
Share