لیستی موچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی هەرێم ئامادەیە و وەزارەتی دارایی چاوەڕوانی گەیشتنی پارەكەی بەغدادە بۆ دەستكردن بە دابەشكردنی موچە.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا کە ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی تشرینی دووەم لە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستانەوە دەستی کەوتووە، وەزارەتی دارایی لیستی موچەی مانگەکانی 10ی 11ی بۆ پێدانی موچە ئامادەکردووە، بەڵام جارێ هیچ پارەیەکی ئەوتۆی لەبەردەست نیە بۆ دابەشکردنی موچە.
سەرچاوەكە وتیشی، “هەر کاتێك حکومەتی عێراق پارەکەی نارد، حکومەتی هەرێم دەست بەدابەشكردنی دەكات”.
ئەمەش لەكاتێكدایە سەرەڕای تێپەڕبوونی 22 ڕۆژی مانگی تشرینی دووەم، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تشرینی یەكەمیان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا موچەی مانگەكانی (4، 5، 6، 7 و 8)یش بەبڕیارێكی حكومەتی هەرێم ڕاگیرا و موچەی مانگەكانی شوبات و ئازار و ئەیلولیشیان بە لێبڕینی 21% و 18% پێدرا.
لە بەرامبەردا لە سەرەتای هەفتەی ڕابردوەوە دابەشكردنی موچەی مانگی تشرینی یەكەمی فەرمانبەرانی سەر بە حكومەتی ناوەند دەستیپێكرد و بڕیارە هەر لەم مانگەدا موچەی دووەم وەربگرن.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێستا ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە دەست سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە، ئەو دەتوانێت بە ڕێککەوتنەکەی پێشوتر یان بە یاسا نوێیەکە بەشە بودجەی هەرێم ڕەوانەبکات”.
وتیشی، “چارەسەری سێیەم بۆ ئەم پرسە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ ڕێکبکەوێت بۆ ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی عێراق داوای دەکات، تا حکومەتی عێراق بتوانێت بڕەپارەی هەرێم ڕەوانە بکات”.
شیروان میرزا پێشیوایە یاساکە دەرفەتی هێشتوەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم، چونکە دەتوانن هەردوولا لەسەر بڕ و ژمارەی ئەو نەوتە ڕێکبکەون کە هەرێم دەبێت ڕادەستی بکات.