قوباد تاڵەبانی: یەکێتی پرسی ژینگە بکاتە مەرجی دەنگدان بە حکومەتی نوێی عێراق

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، باس لە خەمساردیی سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات لە پرسی ژینگەدا، داواش لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات هاوشانی مووچە و بودجە پرسی ژینگەش بکاتە یەکێک لە مەرجەکانی دەنگدان بە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.

لە نوسینێکدا بەناوی “پرسی ژینگە وەک ئەولەوییەت”، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، “مەترسییە ژینگەییەکان بەگشتی و خۆڵبارین بەتایبەتی، ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەمساڵیش خراپتر لە هەر ساڵێکیتر کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا هەفتەیەک نەبووە چەند ڕۆژ خۆڵبارین نەبووبێت”.

قوباد تاڵەبانی ڕەخنە لە لایەنە عێراقییەکان دەگرێت کە پرسی ژینگە نەبووەتە پرسێک ئەولەویەتی پێبدرێت و دەڵێت، “هیچ لایەنێکی عێراقی ئەم پرسەی نەخستووەتە ئەولەوییەتی دووەم و سێیەمیشیەوە، لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا لە پرۆسەی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا لایەنەکان دونیایەک مەرجیان لەسەر یەکتر داناوە و لەسەر پۆست و ئیمتیاز و بچوکترین شتەکان ململانێی توند دەکەن، کەچی هیچ لایەنێک پرسی چارەسەرکردنی کێشەی ژینگە و خۆڵبارینی نەکردووەتە مەرج، لە کاتێکدا ئێستا ئەم کێشەیە کێشەیەکی سەرەکیی خەڵکی عێراق و کوردستانە و ژیانی خەڵکی تاڵ کردووە”.

باسی لەوەکردووە، کە دەبێت لەگەڵ هەموو ئەو خەمساردییە دەبێت لە شوێنێکەوە هەنگاوبنێن، بۆ ئەو مەبەستە داوا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات پرسی ژینگە بکاتە مەرجی دەنگدان بە حکومەتی نوێی عێراق، هاوشانی پرسەکانی مووچە، بودجە، پێشمەرگە و قەرەبوی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

قوباد تاڵەبانی پیشنیار بۆ یەکێتی دەکات، کە بەخۆشییەوە هەنگاو بنێن بۆ ئەو مەبەستە و نووسیویەتی، “دەبێت بە فەرمی پرسی ژینگە بکەینە مەرج بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و ئەگەر حکومەتی داهاتوو لە کارنامەی خۆیدا بەڵێن نەدات پلانی زانستی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژینگە ئامادە بکات و ساڵانە بودجەی پێویستی بۆ تەرخان نەکات، فراکسیۆنی یەکێتی ئامادە نەبێت دەنگ بەو کابینەیە بدات”.

هەروەها داواش لە چالاکوانان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی عێراقی و کوردستانی و میدیاکانیش دەکات، گرنگی زیاتر بەم پرسە بدەن و فشارەکانیان لەسەر لایەنە سیاسییەکان چڕبکەنەوە، تا بابەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژینگە بخەنە ئەولەوییەتی کاری سیاسی و حکومڕانییەوە.

ئەوەشی وتووە، “کاتی ئەوە هاتووە خۆشمان لەسەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گرنگی زیاتر بە کێشە ژینگەییەکان بدەین، دەسەڵات و دەسەڵاتدارەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام نیشتمان و خەڵک لەسەر شوێنی خۆیان دەمێننەوە، نیشتمان و ژینگە بۆ نەوەکانی داهاتووشە و نابێت ڕێگە بدرێت ژینگەیەکی وێران بۆ نەوەکانی داهاتوو جێبمێنێت”.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ ڕۆژی جيهانیی برایە

بابەتی دواتر

ئەوەی مباپێ بە ڕیاڵی کرد دێمبیلی بە بەرشلۆنەی دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share