هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی دژ بە داعش، پێشبنییەكانی بۆ قۆناغی داهاتووی جموجۆڵەكانی ڕێكخراوەكە خستەڕوو و دەڵێت، داعش هێرشدەكاتەسەر گرتووخانەكان.
كەمبوونەوەی ژمارەی چەكدارانی داعش، هۆكاری ئەو پلانەی داهاتوویەتی كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێشبینیكردووە و پێیوایە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكە پەلاماری گرتووخانەكانی عێراق و سوریا بدات بە مەبەستی ئازادكردنی چەكدارەكانی.
براندۆن باركەر، سەرۆكی ئەركانی هێزی ئەركی هاوبەش لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی دژ بە داعش ڕایگەیاند، هەڕەشە و مەترسییەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بەردەوامن و پێویستییان بە هەماهەنگیی بەردەوامە لەگەڵ حكومەتی عێراقدا.
بەپێی وتەی ئەو فەرماندە سەربازییە، ئێستا داعش لە لاوازیدایە و پێویستی بە خۆڕێكخستنەوەیە، بۆیە بەردەوامدەبێت لە داڕشتنی پیلان بۆ هێرشكردنەسەر ئەو گرتووخانانەی چەكدارەكانی تیایاندا زیندانیكراون، هەوڵیش دەدات لەو ناوچانەی لەڕووی دانیشتووانەوە فشەڵن، بە جۆرێك كە دانیشتووانیان ڕاگوێزراون یان ئاوارەبوون، دۆخەكە بقۆزێتەوە و خەڵك بباتە ڕیزەكانی خۆیەوە و بیانكات بە چەكدار.
براندۆن باركەر جەختدەكاتەوە كە بەردەوامدەبن لە بەگژداچوونەوەی داعش و هاوكاریی هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكەن و تواناكانیان پێشدەخەن، بۆ ئەوەی داعش بەردەوام لەژێر فشاردا بێت.