پێشتر دەگوترا مەسعود بارزانی دێت
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتیی شاندەكەی پارتی دەكات بۆ سلێمانی

هەفتەی داهاتوو شاندی باڵای پارتی دێتە سلێمانی

بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا شاندی باڵای پارتی سەردانی سلێمانی بكات و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆببێتەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتیی شاندەكە دەكات.

دوای ئەوەی سەركەوتوو نەبوون لە دەستخستنی پۆستی سەرۆك كۆمار و نەشیانتوانی لەگەڵ سەدرییەكان و سوننەكان حكومەتی عێراق پێكبهێنن، هەروەها لەكاتێكدا لە پرسی نەوتیشدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و دادگای فیدراڵی لە ناكۆكیی گەورەدان، پارتی لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی حزبەكەدا بڕیاریدا لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان و بەتایبەت یەكێتی، گەڕێكی گفتوگۆ سازبكات.

لەو نێوەندەدا سەرچاوەیەكی باڵای پارتی بۆ تۆڕی میدیای ئێستای ئاشكراكرد، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندی باڵای پارتی سەردانی سلێمانی بكات، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی حزبەكە، كە هاوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشە، سەرۆكایەتیی شاندەكە دەكات.

كۆبوونەوە و سەردانەكە هاوكات لەگەڵ پرسەكانی سەرۆك كۆمار و حكومەتی نوێی عێراق و ناكۆكیی نەوت و سامانی سروشتی لەگەڵ بەغداد، دوای ئەو گرژی و وەڵام و وەڵامكارییەش دێت كە بەهۆی پرسی داهات و دواكەوتنی مووچەوە لەنێوان یەكێتی و پارتی دروستببوو، بەڵام كۆبوونەوەیەكی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەگەڵ پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، ئەو پرسەشی هێوركردەوە و بڕیارە لیژنەیەكی ڕاسپێردراو گرفتەكان چارەسەر بكات.

پێشتر قسەی ئەوە هەبوو خودی مەسعود بارزانی سەردانی سلێمانی بكات، بەڵام شاندەكەی پارتی لەلایەن جێگرەكەی سەرۆكی حزبەكەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت.

بابەتی پێشتر

هاوڕێی مام جەلال بووە.. موزەفەر نەواب کۆچی دوایی کرد

بابەتی دواتر

"کونسوڵی ئەمریكا بە هەنگوینی كوردستان سەرسامە"

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دەروازەی حاجی ئۆمەران داخرا

ئێوارەی ئەمڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بەهۆی چڕیی بەفربارین و ئاستەنگی هاتوچۆوە داخرا. بەپێی زانیارییەكان داخستنی رێگای دەروازەكە…
Total
0
Share