باڵیۆزانی سوید و فینلەندا بە فەرمی داواکارییان بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پێشکەش کرد و هەڕەشەكانی ڕوسیا ڕاینەگرتن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، سەرەڕای هەڕەشەكانی ڕوسیا بە فەرمی باڵیۆزانی سوید و فینلەندا داواکارییان بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پێشکەش کرد.
لەکاتی پێشکەشکردنی داواکەیاندا یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی لەوەكرد، “پێشوازی لە بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە دەکەین و ئاسایشی هاوبەشمان بەهێزتر دەکات.”
هاوكات ئان لیندی وەزیری دەرەوەی سوید، شەوی ڕابردوو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای پێشكەشكردنی داواكەیان بە ئەنجومەنی ناتۆ، پێویستە سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ كە پێكدێن لە 30 وڵات ڕەزامەندی لەسەر هاتنەناوەوەی هەردوو وڵاتەكە بۆ ڕێكخراوەكە پەسەند بكەن.
هەر شەوی ڕابردووش پەرلەمانی فینلەندا بە زۆرینەی دەنگی 188 پەرلەمانتار ڕەزامەندی لەسەر ئەوە دەربڕی كە وڵاتەكەیان بچێتە ناو ڕێكخراوی ناتۆوە.
دوای هێرشەكانی بۆ سەر ئۆكرانیا، ڕوسیا هەڕەشەی لە هەردوو وڵاتەكە كردبوو، كە نەچنە نێو هاوپەیمانێتییەكەوە، چونكە كاردانەوەی دەبێت.
لای خۆشیەوە، ڕهجهب تهیب ئهردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا جەختی كردبووەوە، “سوید و فینلەندا ههڵوێستێكی ڕونیان له بهرامبهر ئهو ڕێكخراوه تیرۆریستیانهدا نیشان نەداوە، كه توركیا له دژیان شهڕ دهكات، بۆیه ئهنقهره ناتوانێت لهم قۆناغهدا ڕازیبێت به ئهندامبوونیان له ناتۆ”.