هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی پێشبینی دەكات هەریەك لە فنلەندا و سوید لە ڕۆژانی داهاتوودا داواكاری بۆ چوونەپاڵ هاوپەیمانییەكە پێشكەشبكەن و بەخێراییش ئەندامێتییان پێبدرێت.
پێشبینی دەكرێت ڕاستاندنی ئەندامێتیی هەریەك لە فنلەندا و سوید لەماوەی ساڵێكدا ئەنجامبدرێت، لەوماوەیەشدا هاوپەیمانیی ناتۆ بوونی لە باكووری ئەوروپا پەرەپێدەدات و ژمارەی نمایشە سەربازییەكانی زیاددەكات.
سەرەڕای ئەوەش، چاوەڕوان دەكرێت لەو ماوەیەدا هێزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا لەسەر خاكی هەردوو وڵاتەكەدا بوونیان هەبێت.
سەرچاوەكانی هاوپەیمانییەكە پێشبینی دەكەن ڕەزامەندی نیشاندان لەسەر داواكارییەكانی فنلەندا و سوید بۆ چوونە پاڵ ناتۆ یان لە لوتكەی هاوپەیمانییەكە دەبێت لە مەدرید كە بڕیارە لە حوزەیرانی داهاتوو ئەنجامبدرێت، یان بەر لەو كۆبوونەوەیەش.
لەكاتێكی پێشتردا ینس ستۆلتنبێرگ ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ ڕایگەیاند، هاوپەیمانییەكەیان بوونی سەربازیی خۆی لە ناوچەی بەڵتیك پەرەپێدەدات بۆ زامنكردنی ئاسایشی سوید لەماوەی چاوخشاندنەوە بە داواكارییەكەیدا.
س: ئاژانسەكان