كەسێكی نزیك لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا هەڕەشە لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ دەكات و دەڵێت، ڕوسیا دەتوانێت لە ماوەی نیو كاتژمێردا هەمووتان تەخت و وێرانبكات و ئامانجی سڕینەوەی ئۆكرانیایە لە نەخشەی جیهان.
دیمیتری ڕوگوزین سەرۆكی ئاژانسی ئاسمانگەڕیی ڕوسیا كە دامەزراوەیەكی سەر بە كۆشكی سەرۆكایەتیی ڕوسیا “كرملین”ـە ڕایگەیاند، “ئامانجی پیاوە بەهێزەكە (پوتین) شكستپێهێنانی وڵاتانی خۆرئاوای دوژمن و سڕینەوەی ئۆكرانیایە لە نەخشەی جیهان”.
ڕوگوزین كە ڕۆژنامەی “دەیلی مەیڵ”ی بەریتانی قسەكانی بڵاوكردووەتەوە دەڵێت، “ناتۆ جەنگی لە دژمان هەڵگیرساندووە، بە ئاشكرا ئەوەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام بۆ هەمووان ڕوونبووەتەوە”.
پیاوە نزیكەكە لە پوتین وتوویەتی، “ئەگەر جەنگی ئەتۆمی هەڵبگیرسێت، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە نیو كاتژمێردا تەختدەكەین…. نابێت ڕێگە بە هێرشی ئەتۆمی بدەین، چونكە هەسارەكەمان دەخاتە مەترسییەوە”.