پەرلەمانتارێكی عێراق هۆشداریدەدات لە مەترسیی نەمانی گەنم بەهۆی كەمبوونەوەی بڕی ئەمباركراوی ئەو ماددە سەرەكییەی خۆراك.
محەمەد شیاع سودانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بڕی گەنمی كڕدراو تا ئەمڕۆ نزیكەی 300 هەزار تۆنە، ئەو بڕەی كە پێشبینی كڕینی دەكرێت 1.5 ملیۆن تۆن تێناپەڕێنێت.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە “نەبوونی ئەمباری ستراتیژیی پێویست سەبارەت بە گەنم” نیشانەیە بۆ شكستی حكومەت لە گرنگترین دۆسیەی خزمەتگوزاری و ژیانیی هاوڵاتییان.
سودانی وتیشی، “وڵاتی دراوسێی هەژار بەراورد بە سەرچاوە داراییەكانی عێراق هەیە كە ئەمباری ستراتیژیی گەنمی لەنێوان 6-9 مانگدایە، عێراق لەمڕۆدا ئەمبارەكەی لە گەنم جگە لە 300 هەزار تۆن هیچی دیكە نییە، لەكاتێكدا پشكی بڕیاردراو بۆ دابەشكردنی ئارد بەسەر هاوڵاتییاندا مانگانە دەگاتە 450 هەزار تۆن”.
دوێنێش نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان بەرهەمی گەنم زۆر كەمبووە و 125 هەزار تۆن بەرهەمهێندراوە لەكاتێكدا بەپێی ژمارەی دانیشتووان پێویستمان بە 750 هەزار تۆن هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا وتی، ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گەنمی زیاتر چێندراوە هەرچەندە وشكەساڵی هەبووە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ئەوەشی وت، ”بۆ پڕكردنەوەی پێویستی گەنم بۆ هەرێمی كوردستان لە حكومەتی عێراقەوە دابیندەكرێت و ئەو گەنمە لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بەرهەمدەهێندرێن”.