سەرباری كەمبوونەوەی چاندن بە ڕێژەی 65% لە گەرمیان، ئەمساڵ نزیكەی 100 هەزار دۆنم بە گەنم چێندراو لە ناوچەكەدا دەدوورێندرێنەوە.
ستار عەلی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، 136 هەزار دۆنم زەویی دەیمی لە ناوچەی گەرمیان بەهۆی وشكەساڵی و كەمیی بارانبارینەوە بەرهەمی گەنمیان زۆر كەمدەبێت.
لە وەرزی چاندنی ئەمساڵدا كە كۆتایی ساڵی ڕابردوو دەستیپێكرد، بەشی زۆری زەویی دەیمی لە ناوچەی گەرمیان بە دانەوێڵە نەچێندران، بەشێكیشیان بە گەنم چێندراون و بەرهەمیان وەك پێویست نییە.
لەبارەی زەویی چێندراو بە گەنم بە شێوازی ئاودێری، ستار عەلی وتی، ڕووبەری ئەو زەوییانە نزیكەی 76 هەزار دۆنم دەبێت و بڕیارە ڕۆژی 10ی ئەم مانگە دەستبكرێت بە دوورینەوەی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی گەرمیان.
وتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان ڕاشیگەیاند، بەهۆی وشكەساڵی و كەمبوونەوەی ئاوەوە، ئەمساڵ چاندنی گەنم لە ناوچەی گەرمیان بە ڕێژەی 65% كەمیكردووە و بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی ناوچەكە كەمتر دەبێت.