بافڵ جەلال تاڵەبانی: ڕێگا بە هیچ كەسێك نادەین هێزی تایبەتی هەبێت و بە هەموو شێوەیەك دژی دەوەستینەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی بەمەبەستی بەدواداچوون و لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە دوایین بەرەوپێشچوون و گۆڕانكارییەكان، سەردانی هێزەكانی حەفتای كرد و لەگەڵ فەرماندەكانی هێزی حەفتای هێزی پێشمەرگەی كوردستان كۆبووەوە.

‌‎ لە كۆبوونەیەكدا كە شاڵاو كۆسرەت ڕەسول و شۆڕش ئیسماعیل، وە‌زیری پێشمەرگە و جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری—زانیاریی هەرێمی كوردستان ئامادەیبوون، گفتوگۆكرا لەبارەی گەشەسەندن، پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە و جموجوڵی پاشماوەكانی تیرۆریستانی داعش.

‌‎لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە بەرەوپێشبردنی توانا مرۆیی و سەربازییەكان كردەوە و ڕایگەیاند، لە هەوڵەكانمان بۆ بونیادنانی هێزێكی تۆكمە و مۆدێرن بەردەوامین. مەشقی چڕ و ڕاهێنانی بەردەوامی هێزەكان و دابینكردنی پێداویستییەكان كۆڵەكەی گرنگی سوپایە و ئێمەش دەمانەوێت هێزی پێشمەرگە بە باشترین شێوە ئامادە و پڕچەك بكەین.

‌‎لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لە گرنگی توانا هەواڵگرییەكان كرد و وتی، “دەبێت لەسەر بنەمای زانیاریی ورد، هاوكاری و هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەكان كردە سەربازییەكان ئەنجامبدرێت و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانیش لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەكانەوە بێت.

‌‎هەر لە كۆبوونەوەكەدا دوایین جموجووڵ و چالاكییەكانی داعش تاوتوێكران و بافڵ جەلال تاڵەبانی فەرماندە سەربازییەكانی ڕاسپارد بە هەموو شێوەیەك دژی هەر جووڵە و پلانێك بوەستنەوە كە ئارامیی هەرێمی كوردستان بخاتە مەترسییەوە. بۆ ئەمەش كاری هاوبەش و هەماهەنگیی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بە گرنگ وەسفكرد.

‌‎بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیشی كردەوە، هێزی پێشمەرگە و هەموو هێزە ئەمنییەكانی كوردستان پارێزەری ڕاستەقینەی سەر و ماڵی خەڵكن. بۆیە ڕێگا بەهیچ كەسێك نادەین هێزی تایبەتی هەبێت و بە هەموو شێوەیەك دژی دەوەستینەوە.

بابەتی پێشتر

ئێستا زانیاری لەبارەی بەڵێنەكەی بەغداد بە سلێمانی ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

وەزارەتی كشتوكاڵ چەند بڕیارێكی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی وشکەساڵی دەرکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share