لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكی تایبەتی “تۆڕی میدیایی ئێستا”دا وەڵامی چەندین پرسیاری پەیوەست بە حوكمڕانی و پرسی دوو ئیدارەیی دەداتەوە و دەڵێت، ” لەگەڵ هەناردەكردن و فرۆشتنی غازی سروشتیین لە ڕێگای حكومەتی عێراقەوە”.
لە وەڵامی پرسیارێكی تۆڕی میدیایی ئێستادا سەبارەت بەو كەسانەی تۆمەتبارن بە دۆسیەی تاوانكاری، بەڵام كاتێك سەنگەر دەگوازنەوە بۆ ناو پارتێكی دیاریكراو، بۆچی هێزەكانی پۆلیس ناتوانن وەك پێویست ڕێكاریان بەرامبەر بگرنەبەر؟، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ جەختیكردەوە كە ئەو كەسانە مافی گشتی دەیانگرێتەوە و ڕێوشوێنیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
لەبارەی دۆسیەی فرۆشتنی غازی هەرێمی كوردستان و بۆچوونی یەكێتی لەو بارەیەوە، لیوا چەتۆ ساڵح وتی، “وەك ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی پێمباشە غازی هەرێم لە ڕێگەی بەغدادەوە بفرۆشرێت، لەو ڕێگەیەوە كێشەمان نامێنێت و وڵاتانیش مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتدا دەكەن، ئەگەر دەوڵەت شتێكت بۆ ڕێكبخات هێزی زیاترە و شەڕیشت بۆ دەكات و پارێزبەندییت بۆ دەستەبەردەكات”.