دەسەڵاتی دادوەریی سوید، دادگاییكردنی كۆمپانیای ئێریكسۆن بە تۆمەتی پارەدان بە داعشی دەستپێكرد.
ئێریكسۆن گەورە كۆمپانیای سویدیی تایبەت بە ئامێری ئەلیكترۆنی و خزمەتگوزارییەكانی، تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە چەندین دۆسیەی گەندەڵی لە عێراق، لەوانە بەرتیل و باجدان بە ڕێكخراوی داعش.
كۆمپانیا سویدییەكە تۆمەتباركراوە بەوەی لە ماوەی نێوان 2014 بۆ 2019، پارەی بە دەسەڵاتدارانی داعش داوە لە بەرامبەر تێپەڕاندنی كاروانی شمەكەكانیدا بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێكخراوەدا.
لیف گۆرتس داواكاری گشتیی سوید ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، “هۆكاری بەجێمان هەیە وامانلێدەكات پێمانوابێت لەو ماوەیەدا گەندەڵی لە عێراقدا كرابێت، بۆیە بە باشمان زانی لێكۆڵینەوەی بەرایی دەستپێبكەین”.
كۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوو، ڕۆژنامەی بلومبێرگی ئەمریكی بە هاوكاریی یەكێتیی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسانی بنكۆڵكار، ڕاپۆرتێكی لەبارەی دۆسیەكانی كۆمپانیای ئێریكسۆن بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، كۆمپانیاكە ملیۆنان دۆلاری خەرجكردووە لە مامەڵەی گوماناویدا بەمەبەستی ئاسانكاری بۆ فرۆشتنی كاڵاكانی لە عێراق.
بەپێی ڕاپۆرتە بنكۆڵكارییەكەی بلومبێرگ، “30 بارهەڵگری كۆمپانیای ئێریكسۆن بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا تێپەڕیون و بۆ هەر بارهەڵگرێك 3000 بۆ 4000 دۆلار دراوە، دەوترێت ڕەوانەكردنی بارهەڵگرەكان لەو ناوچانەوە، لەپێناو خۆدزینەوە بووە لە ڕێكارە یاساییەكانی تایبەت بە پشكنینی گومرگی لە عێراق”.