میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان ئاشکرایان کرد نزیکەی هەزار گەنج و دانیشتووی باشوری کوردستان لە ڕیزەکانی گەریلادا شەهیدبوون و یەکەم پۆلی شەهیدانی باشوریش سالێ 1992 بووە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بڵاوکراوەتەوە هاتووە، ” یەکەم پۆلە شەهیدی باشوری کوردستان لەناو ڕیزەکانی گەریلدا لە 29 ی 10 ی ساڵی 1992 ، بوو کاتێک چەند گروپێکی گەریلا لە شارەدێی ڕووبارۆک لە هەرێمی جۆلەمێرگی باکوری کوردستان، لە دژی سەربازگەیەکی گەورەی تورکیا بە شێوازی پارتیزانی چالاکییەک ئەنجامدەدەن، لەو چالاکییەدا گروپێک لە گەنجانی باشوری کوردستان بەشداردەبن و پێنج شەهیدیان دەدەن بە ناوەکانی (هەڤاڵ قارەمان، خەمگین حاجیاوا، ڕێباز چوارقوڕنە، ئارارات کەرکوک، ئەمین حاجیاوا)”.
بەپێی ڕاپۆرتەکە “لە باشوری کوردستان یەکەم کەس کە پەیوەندی بە پەکەکەوە دەکات لە ڕێگای گروپێکەوە بەناوی هەڤاڵ عەگیدەوە، شەهید ‘سادق عومەرە’ کە خەڵکی زاخۆیە و دواتر لە ساڵی 1991 لە ناوچەی بادینان شەهیدکراوە”.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات تا ئێستا لە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا 976 کەس کە دانیشتووی باشوری کوردستان بوون شەهیدبوون.
لە دوای ساڵی 1978 ەوە کە پارتی کرێکارانی کوردستان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا ئۆجەلان و هەندێک هاوڕێی خۆی بەیانکرد، لە ساڵی 1991 تا 1993 یەکەم شەپۆلی لە بەشداربوونی کچان و کوڕانی باشوری کوردستان بۆ ناو ڕیزەکانی گەریلا دەستپێدەکات، ئەمەش زیاتر لە ژێرکاریگەری دامەزراندنی (پارتی ئازادی کوردستان)دا دەبێت، کە دکتۆر سیروان، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بوو، کە ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕیی بووە لە باشوری کوردستان و ڕاستەوخۆ لەناو شارەکانی باشوری کوردستاندا خەبات و ڕێکخستنی جەماوەری ئەنجامداوە..