مۆسکۆ ئەمڕۆ هەینی 18 ئەندامی نوێنەرایەتیی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای لە وڵاتەکەی دەرکرد، ڕایگەیاند “ئەو کەسانە شیاو نەبوون”، لەبەرامبەردا وڵاتانی ئەوروپا سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەیان کرد و بەبڕیارێکی بێ بیانوو وەسفیانکرد.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، “18 کارمەندی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا بڕیاری دەرکردنیان دراوە بەهۆی شیاونەبوونیان و پێویستە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕوسیا بەجێبهێڵن”.
لەم هەفتانەی کۆتاییدا ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا وەک ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، ئیسپانیا، سلۆڤینیا، نەمسا، پۆڵەندا، یۆنان و کرواتیا دەیان دیپلۆماتیان لە وڵاتەکانیان دەرکرد.
ژمارەیەک لەو وڵاتانە هۆکاری دەرکردنی ئەو دیپلۆماتانەیان بۆ هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا گەڕاندەوە، ژمارەیەکیشیان بە هۆکاری سیخوڕیکردن دەرکراون.
لەلایەکی دیکەوە یەکێتیی ئەوروپا سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی ڕوسیایان کرد وەک بڕیارێکی “بێ بیانوو”.