جێگری سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بۆردێك پێكهێنراوە بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی خانووە بێتاپۆكان كە دەكەونە سنووری ماستەر پلانی شارەوە.
ئاكۆ عەلی، جێگری سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەو خانووانەی بە بێتاپۆ دروستكراون و دەكەونە دەرەوەی ماستەر پلانی شارەوە لەوانە گوندی “تووەسپی” و ئەو گوندانەی دیكەی دەكەونە سنوورەكەوە، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانن و ئەوان بڕیاری كۆتاییان لەبارەوە دەدەن.
جێگری سەرۆكی شارەوانی وتی، “بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019ی پەرلەمانی كوردستان كە لە مانگی تەمموزی ساڵی 2021دا هەمواركراوەتەوە، ئەگەر زەوییەكە موڵكی شارەوانی بێت تاپۆدەكرێت و دەبێت بەر لە 31ی 12ی 2021 كرابێتە خانوو، ئەگەر نا یاساكە نایگرێتەوە”.
ئاشكرایكرد، “لە ئێستادا بۆردێك بۆ ئەو مەبەستە لە دیوانی پارێزگا بە نوێنەرایەتیی شارەوانی، تاپۆ و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان پێكهێنراوە و بڕیار لەبارەی خانووە بێتاپۆكان دەدەن و لیژنەكە تا ئێستا دەستبەكارنەبووە”.
بەرپرسەكەی شارەوانی دەڵێت، “ئەو لیژنەیە دوای دەستبەكاربوونی سەردانی مەیدانیی شوێنەكان دەكەن و بڕیاردەدەن ئەگەر زەوییەكە تایبەت نەبوو بە خزمەتگوزاری، ئەوا تاپۆدەكرێت و لە یاساكەدا بڕی ئەو پارەیە-ش دیاریكراوە كە لە بەرامبەر تاپۆكردنی خانووەكە لە خاوەنەكەی وەردەگیرێت”.