زیلینسكی هۆشداری لە قۆناغێكی یەكلاكەرەوەی شەڕ دەدات

ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا هۆشداری دا لەوەی “هەفتەیەكی سەخت بەڕێوەیە” و ڕوسیا هێرشەكانی چڕدەكاتەوە.

“هەفتەی داهاتوو گرنگ و گرژ دەبێت، ڕوسەكان هێرشی مووشەكی و بۆمببارانكردن چڕدەكەنەوە، بەڵام هێزەكانی ئۆكرانیا ئامادەی بەرپەرچدانەوەن”، ئەمە بەشێك بوو لە ناوەڕۆكی دوایین وتەی ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا كە شەوی ڕابردوو لەڕێگەی ڤیدیۆوە بڵاوكرایەوە.

بەپێی زانیاری و پێدراوەكان، ڕوسیا ئامادەكاری دەكات بۆ هێرشكردنەسەر خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا، ئەمەش بە ڕوونی لە جموجوڵی ئەمدواییەی سوپای ڕوسیا و وتەكانی كاربەدەستانی سەربازیی ڕوسیا و ئۆكرانیادا پەیپێبراوە.

شەممەی ڕابردوو سەرۆكی ئەركانی هێزەكانی ڕوسیا ڕایگەیاندبوو، هێزەكانی وڵاتەكەی بەردەوامن لە پێشڕەویكردن بەرەو خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا و هێرشەكانیان چڕكردوونەتەوە و دەیانەوێت دەسەڵاتی تەواو بەسەر هەردوو ناوچەی دۆنیتسك و لۆهانسك لە هەرێمی دۆنباس بسەپێنن.

دوێنێش میخایلۆ بودولیاك ڕاوێژكاری سەرۆكی ئۆكرانیا وتی، “وڵات ئامادەیە بۆ شەڕێكی گەورە، بەتایبەت لە دۆنباس”.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا كاتێك ڕوسیا شكستیهێنا لە كۆنترۆڵكردنی كیێڤ و دەوروبەری، هێزەكانی لە پایتەخت و باكووری ئۆكرانیا كشاندەوە و بە ڕاشكاوی دانی بەوەدا نا كە كاری لەپێشینەی لەم قۆناغەدا، كۆنترۆڵكردنی دۆنباسە.

دۆنباس ناوچەیەكی ئۆكرانیایە كە بەشێك لە دانیشتووانەكەی هاوسۆزی ڕوسیان و گروپە چەكدارە جوداخوازەكانی نزیك لە ڕوسیا ماوەی هەشت ساڵە دەستیان بەسەر بەشێكیدا گرتووە.

بابەتی پێشتر

جارێكی دیكە بە مووشەك هێرشكرایەوە سەر كۆمپانیای كار

بابەتی دواتر

پاسپۆرتی عێراقی لە پلەی پێش کۆتایی پاسپۆرتەکانی جیهاندایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share