زانیاریی نوێ لەبارەی مووچەوە..دوو فەرمانگە تا ئێستا مووچەی مانگی دوویان وەرنەگرتووە

بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ پارەی پێویستیان بۆ تەرخانكراوە و مووچەی مانگی دوو دابەشكرا و بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی دەڵێت، “تا ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی دەربەندیخان و بتوێن مووچەی مانگی دوویان وەرنەگرتووە”.

دكتۆر ئاری سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە پارەی پێویستمان بۆ تەرخانكراوە و مووچەی مانگی دووی ئەو فەرمانبەرانەمان دابەشكرا كە مووچەكەیان دواكەوتبوو.

ئاماژەی بەوە كرد، بڕیارە 19 ی ئەم مانگە مووچەی مانگی سێی ئەمساڵ وەربگرین و پێناچێت ئەو حاڵەتەی لە مووچەی مانگی شوباتدا ڕوویدا بۆ مووچەی مانگی ئازار دووبارە ببێتەوە.

هاوكات شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ مووچەی فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە دابەشبكرێت كە تائێستا مووچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە و چەكیان بۆ كراوە، بەڵام پارە لە بانكدا نەبووە.

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی وتی،” بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی دەربەندیخان و بتوێن تا ئێستا مووچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە و ڕۆژانە سەردانی بانكەكان دەكەن كێشەكە نەبوونی پارەیە لە بانكەكاندا”.

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی دڵنیایی دا مووچەی مانگی ئازار دابەشبكرێت ئەو فەرمانبەرانەی مووچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە مووچەیان نافەوتێت.

بابەتی پێشتر

هالاند بێدەنگە و تەنها دوو داواکاری ماوەتەوە

بابەتی دواتر

پێنج وەڵامی ڕۆناڵدینیۆ لەبارەی بەرشلۆنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share