پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ناكرێت بەم تۆماری دەنگدەرانەی ئێستاوە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و دەڵێت،” دەبێت سازان لەسەر یاساكە بكرێت ئەو كات یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە”.
ڕۆژان محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەتۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پارتی دەیەوێت ئەگەر یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە ئەو بڕگانە هەمواربكرێتەوە كە بەدڵی خۆیەتی و بڕگەكانی دیكە دەنگی پێنەدەن بۆیە ئێمە دەمانەوێت بەر لەكۆبوونەوەی پەرلەمان سازان لەسەر یاسای هەڵبژاردن هەبێت.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی دەڵێت” ناكرێت بەو تۆماری دەنگدەرانەی ئێستاوە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت بۆیە پێویستە تۆمارەكە پاكبكرێتەوە ئەو كات هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت”.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتیی پێیوایە” ئەگەر تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە كاریگەری لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن نابێت”.
بەپێی زانیارییەكان جیاوازیی تۆماری دەنگدارانی عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر لە 400 هەزار دەنگدەرە كە ناوی مردووان و دووبارە لەناو تۆماری دەنگدەراندا هەیە.