یەكێتی بۆ پارتی: یاسا هەموارنەكرێتەوە هیچ لایەنێك بەشداریی هەڵبژاردن ناكات

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەكەی و ‏هیچ حزبێكی دیكە، بەدەر لە پارتی، ناچنە هەڵبژاردنەوە ئەگەر یاسای هەڵبژاردن ‏هەموارنەكرێتەوە و سیستمی بازنەكان گۆڕانكاریی بەسەردا نەیەت.‏

ڕزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ‏ئەو حزبە، لە میانەی بەشداریكردنی لە دیداری تایبەتی “ئێستا”دا، كە ڕۆژنامەنووس بژار ‏دەباغ پێشكەشی دەكات، باسی كۆمەڵێك پرسی گرنگی تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی كوردستان و پرسی سەرۆك كۆمار دەكات و بڕیارە كاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ ‏لە سەكۆكانی تۆڕی میدیایی ئێستاوە بڵاوبكرێتەوە. ‏

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ‏كوردستانەوە دەڵێت، “یەكێتی و لایەنەكانی دیكە ناچنە هەڵبژاردنێكەوە كە یاساكە ‏هەموارنەكرێتەوە و تۆماری دەنگدەران پاكنەكرێتەوە، چونكە وەكو خۆی دەڵێت، ‏‏”بەمشێوەیە هەڵبژاردن بكرێت پارتی 20 كورسی پێشوەختەی مسۆگەرە و بە لایەنەكان ‏دەڵێت هەڵبژاردن بۆ 91 كورسییەكەی دیكە دەكەین”. ‏

بەرپرسەكەی یەكێتی نەشیشاردەوە، پارتی هاوشێوەی پەرلەمان دەیەوێت زۆرینەی ‏كۆمسیۆنیش بۆ خۆی ببات، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ئەوە بەلای خەڵكی كوردستان و ‏لایەنەكانی دیكەوە قبوڵكراو نییە. ‏

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی هۆكاری سووربوونیان لەسەر هەمواری یاسای ‏هەڵبژاردن و خاوێنكردنەوەی تۆماری دەنگدەران ڕووندەكاتەوە، دەڵێت ، “پارتی بە ‏كورسیی پێكهاتەكان و گرفتەكانی تۆماری دەنگدەران، پێش هەموو هەڵبژاردنێك 20 ‏كورسیی مسۆگەری هەیە، بۆیە ناكرێت هەڵبژاردن بەو شێوەیە بكرێت”. ‏

دەربارەی پرسی سەرۆك كۆماریش، كە لەئێستادا یەكێتی و پارتی لەبارەیەوە ناكۆكن، ‏ڕزگار حاجی حەمە دەڵێت، 200 جاری دیكەش دانیشتنی پەرلەمان بۆ پرسی سەرۆك ‏كۆمار بكرێت، ڕێژەی یاسایی بۆ پارتی كۆنابێتەوە، تا خواستی یەكێتی لەسەر نەبێت. ‏

جەختیشدەكاتەوە، یەكێتی خاوەن بڕیاری خۆیەتی و بەهیچ جۆرێك دوای بڕیاری كەس ‏ناكەوێت.‏

بابەتی پێشتر

شێرپەنجەی ئێسک.. "زەنگی مەترسی" کە زۆرینەی خەڵک پشتگوێی دەخەن

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێكی یەكێتی: ناكرێت بەم تۆماری دەنگدەرانەی ئێستاوە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share