بە ژمارە.. نەوتی عێراق بۆ دەوڵەت و نەوتی هەرێم بۆ حزب و كۆمپانیاكان

عێراق تەنها لە مانگی ڕابردوودا بایی 11 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە، كە 50 ساڵە ‏داهاتی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەدیوە و لە ساڵی 1972وەوە بەرزترینە، لەكاتێكدا ‏هەرێمی كوردستان لە كۆی ساڵی 2021 تەنها 4 ملیار دۆلار داهاتی نەوتی بۆ ماوەتەوە، ‏ئەمەش وایكردووە دووبارە قسەكردن لەبارەی فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆ و ‏ڕادەستنەكردنەوەی بە بەغداد بێتەوە ئارا.‏

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی نەوتی عێراق، تەنها لە مانگی ڕابردوودا داهاتی فرۆشتنی ‏نەوت 11 ملیار و 70 ملیۆن دۆلار بووە، كە دەكاتە (16 ترلیۆن و 51 ملیار دینار).‏

بەپێی ئامارەكە، لەو مانگەدا 100 ملیۆن و 563 هەزار و 999 بەرمیل نەوت ‏هەناردەكراوە و تێکڕای قەبارەی هەناردەی ڕۆژانە سێ ملیۆن و 244 هەزار بەرمیل بوو ‏لە ڕۆژێکدا، تێکڕای نرخیش بۆ هەر بەرمیلێک 110.09 دۆلار بووە.‏

لە بەرامبەردا هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، (واتا ‏عێراق نزیكەی حەوت ئەوەندەی هەرێمی كوردستان نەوت هەناردە دەكات)، بەڵام داهاتی ‏نەوتی هەرێمی كوردستان مانگانە ئاشكراناكرێت، بەڵكو كۆمپانیای دیلۆیت بە چەند مانگ ‏جارێك ئامارێك بڵاودەكاتەوە و هەندێك لە ئامارەكانی هەناردە و خەرجی و داهاتی نەوتی ‏هەرێم ئاشكرادەكات.‏

لە دوایین ڕاپۆرتیدا دیلۆیت ئاشكرایكردووە، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2021 بایی 9 ‏ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بەڵام تەنها 4 ملیار دۆلاری بۆ ماوەتەوە، بۆیە جیاوازیی ‏داهاتی نەوت لەنێوان هەرێم و عێراق زۆرە زەق و دیارە، (عێراق بە یەك مانگ 11 ‏ملیار دۆلار و هەرێم بە یەك ساڵ 4 ملیار دۆلار).‏

نەوتی هەرێم و ئەگەرەكان بە ژمارە
ئەگەر هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە 10 دۆلار كەمتر لە نرخی عێراق بفرۆشرێت، ‏داهاتی فرۆشتنی لە مانگی ئازاردا دەگاتە یەك ملیار و 350 ملیۆن دۆلار.‏

لەو بڕە ئەگەر تەنها 41%ی داهاتی نەوت بگەڕێتەوە بۆ بەردەست حكومەتی هەرێم وەك ‏ئەوەی سەرۆكی حكومەت پێشتر بە فەرمی ڕوونیكردەوە، زیاتر لە 550 ملیۆن دۆلار ‏تەنها لە مانگێكدا بەدەستهاتووە، جگە لە داهاتی ناوخۆ و 200 ملیارەكەی بەغداد و 20 ‏ملیار دیناری پارەی تەرخانكراوی هاوپەیمانان.‏

مووچەی مانگێكی مووچەخۆران پێویستی بە 600 ملیۆن دۆلارە، بەمەش پارەی پێویست ‏بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازار هەیە، لەكاتێكدا هێشتا بەشێك لە مووچەخۆران ‏مووچەی مانگی شوبات-یان وەرنەگرتووە.‏

خۆ ئەگەر هەرێم پابەندبووایە بە یاسای بودجە، یان سیاسەتی هەناردەی نەوت “ئابوریی ‏سەربەخۆ”ی جێبەجێنەكردایە و وەك ساڵانی 2014 و پێشتر لە بەغدادەوە بەڕێژەی ‏‏12%ی كۆی گشتی بودجەی عێراق داهاتی پێبدرایە، ئەگەر مانگی ڕابردوو بە نمونە ‏وەربگیرێت، پشكی هەرێم لە بودجە زیاتر لە یەك ملیار و 325 ملیۆن دۆلار دەبوو، كە ‏بۆ تەنها یەك مانگ دەكاتە دوو هێندەی ئەو پارەیەی بۆ مووچەخۆران پێویستە.‏

چی لە داهاتی نەوتی هەرێم دەكرێت؟
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت، لە ساڵی ڕابردوودا هەرێم 152 ملیۆن بەرمیل ‏نەوتی فرۆشتووە و كۆی داهاتەكەی 9 ملیار دۆلار بووە، بەڵام لەو بڕە نزیكەی پێنج ‏ملیاری بۆ خەرجی ڕۆیشتووە و تەنها نزیكەی چوار ملیاری بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە. ‏واتا داهاتی مانگی ڕابردووی فرۆشی نەوتی عێراق نزیكەی سێ هێندەی داهاتی ساڵی ‏ڕابردووی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بووە.‏

تەنها لە ساڵی ڕابردوودا بڕی یەك ملیار و 274 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت بۆ كرێی ‏بۆری تەرخانكراوە. لەو بڕە 336 ملیۆن دۆلاری بۆ كۆمپانیای كار، 504 ملیۆن دۆلار ‏بۆ كۆمپانیای ڕۆسنەفت و 434 ملیۆن دۆلاری بۆ توركیا بووە.‏

بڕی ئەو پارەیەی لەناو خاكی هەرێمدا دەدرێتە كرێی بۆری نزیكەی دوو هێندەی ئەو ‏بڕەیە كە دەدرێتە كرێی بۆری لەناو خاكی توركیا، لەكاتێكدا تەنها 26%ی بۆرییەكە لەناو ‏خاكی هەرێمدایە و 74%ی لەناو خاكی توركیایە.‏

یەكێك لەو خەرجییە زۆرانەی لە نەوتی هەرێم دەردەچێت پارەی كۆمپانیاكانە، كە بەپێی ‏ڕاپۆرتەكەی دیلۆیت، لە ساڵی ڕابردوودا 34%ی داهاتەكە (زیاتر لە سێ ملیار و 140 ‏ملیۆن دۆلار)ی بۆ كۆمپانیاكان بووە.‏

زیانەكانی نەوتی هەرێم
دیلۆیت لە ڕاپۆرتەكەیدا ڕوونیكردووەتەوە 637 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم ‏‏(310 ملیۆن یۆرو و 294 ملیۆن دۆلار) بەهۆی كێشەیەكی یاساییەوە لە بانكێكی لوبنان ‏بلۆككراوە.‏

لە زیانەكانی دیكەی فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، ئەو سكاڵایانەبوون ‏كە چەند جارێك لەلایەن كۆمپانیاكانەوە لەسەر هەرێم تۆماركراون و دیارترینیان ئەو ‏سكاڵایە بوو كە لە ساڵی 2017دا لەلایەن كۆمپانیای دانه‌غاز و هاوبەشەكانی لە دادگایەكی ‏به‌ریتانیا تۆماریانكرد و بەهۆیەوە دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلاریان لە حكومەتی هەرێم ‏بردەوە.‏

‏(پارەی پتڕۆدۆلار، داهاتی پەرەپێدانی پارێزگاكان، دابینكردنی نەوتی سپی بە نرخی ‏گونجاو، بەنزین بە نرخی پاڵپشتیكراو، دەرمان و قەرزی بانكەكان) بەشێكی دیكەی ئەو ‏زیانانەن كە هەرێم و هاوڵاتییانی لە سایەی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت دووچاری ‏هاتوون.‏

دابەشكردنی نەوتی سپی

داهاتی باش و دۆخی خراپی خەڵك ‏
عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان ‏دەڵێت، لە 2014وە دۆخی دارایی هێندە باش نەبووە، حكومەت هەشت ڕۆژە پارەی لە ‏بەردەستە بۆ مووچەی مانگی سێ، بەلام بەمەبەست دابەشناکرێت.‏

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرایكردووە، مانگی شوبات كە 28 ڕۆژ بوو، تێکڕای نرخی ‏بەرمیلێک نەوتی برێنت (97 دۆلار) بوو، داهاتی نەوت بۆ مووچە تەرخانکرا (488 ‏ملیۆن دۆلار) بووە. مانگی ئازار تێکڕای نرخی نەوتی برێنت (113.87 دۆلار) بووە، بە ‏فرۆشتنی بە (10 دۆلار) کەمتر لە برێنت، دواتر تەنیا 41٪ داهاتەکەشی بمێنێتەوە، بەلای ‏کەمەوە داهاتی نەوت دەگاتە (550 ملیۆن دۆلار).‏

دەشڵێت، جگە لەوە 200 ملیار دینارەكەی بەغداد تائێستا هیچی خەرجنەکراوە و بۆ ‏تەواوکردنی مووچە لەم بڕە پارەیە (73 ملیار دینار) پێویستە ( واتە 127 ملیار دینار) ‏دەمێنێتەوە. هەروەها داهاتی ناوخۆ، کە نزیکەی (350 ملیار دینارە).‏

بەمەش وەك ئەوە پەرلەمانتارە دەیڵێت، 477 ملیار دیناری زیاتر لە پێویستیی مووچە ‏بەردەستە.‏

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، نوێترین لێدوانی وەزیری ‏نەوتی عێراق بەبیردەهێنێتەوە كە دەڵێت، وەزارەتەکەیان ساڵانە بە ملیاران دۆلار زیان ‏دەکات بەهۆی ئەوەی پاڵپشتیی نرخی سوتەمەنی دەکەن بۆ ئەوەی نرخەکەی داببەزێت و ‏هەرزان لەسەر هاوڵاتییان بكەوێت.‏

وەك ئەو دەیڵێت، عێراق مەبەستیەتی بۆ سێ پێداویستی گرنگ هەمیشە پاڵپشتیی ‏دابەزاندنی نرخ بکات و ئەو سێ پێداویستیە بە هەرزان بگەنە دەستی هاوڵاتی و ‏بەکاربەر (دانەوێڵە و خۆراک، دەرمان و سوتەمەنی).‏

دەربارەی هەوڵەكانی عێراق، هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت، “ناڵێم 100% پێکاویەتی و ‏بێکێشەیە، بەڵام بە نسبەتێکی زۆر هەوڵەکانی سەرکەوتوو بووە. حکومەتی هەرێم بەو ‏سێ پێداویستییە دەیەوێت لە بەرژەوەندیی کۆمپانیا و بازرگانە حزبی و خێزانییەكانی ‏خۆیدا کاسبی بەسەر گیرفانی خەڵکی هەژارەوە بکات”.‏

‏”ئەگەر سیاسەتی نەوت و وزە سەرتاسەری بوایە و هەرێم نەکەوتایەتە چنگی گروپێک ‏چاوچنۆک، کە سنوورێک نیە بۆ سیاسەتی تاڵانییان، ئێستا هاوڵاتییانی هەرێم ‏سوودمەنددەبوون لە هەرزانی نرخی سوتەمەنی، کە وەزارەتی نەوتی عێراق پەیڕەوی ‏دەکات”، پەرلەمانتارەكەی پێشووی گۆڕان وادەڵێت.‏

بابەتی پێشتر

نۆ پارت و لایەنی سیاسیی كوردستان داوای ئازادكردنی ئۆجالان دەكەن

بابەتی دواتر

ئەمریکا لەهەموو لایەکەوە گەمارۆی ڕوسیا دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share