ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە وتەی سەرۆكی حكومەت داهاتی نەوت 41%ی دەمێنێتەوە و بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت زیاتر لە 43%ی ماوەتەوە .
كاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، تەنها كۆمپانیای كارو هاوبەشەكەی 870 ملیۆن و 174 هەزار و 365 دۆلاریان لە داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ساڵی 2021 دا بە ناوی گواستنەوەی نەوتەوە بردووە .
ئاماژەی بەوە كرد، بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت، حكومەت كاسبی بۆ كۆمپانیای كار و كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی نەوت دەكات.
گەزنەیی باسی لەوە كرد ” كۆمپانیای وزەی توركیی دوو ئەوەندەی تێچووی گواستنەوەی لەسەرە، بڕی 434 هەزار و 412 هەزار و 552 دۆلاری بردووە، كە دەكاتە نیوەی پارەی كۆمپانیای كار”.
ڕۆژی پێنجشەممە كۆمپانیای دیلۆیت بڕی نەوتی فرۆشراو و داهاتەكەی لە ساڵی 2021 دا بڵاوكردووەتەوە و ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو 9 ملیار دۆلار داهاتی نەوتی هەرێم بووە و تێچووی نەوت 5 ملیار بووە و چوار ملیار دۆلار بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوە.